گوتەبێژی گەشتوگوزار: هەموو ئامادەکارییەک بۆ نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان کراوە

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان و ئیدارەسەربەخۆکانی کوردستان، بۆ نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان ئامادەکاری کراوە.

سێشەممە 18ـی ئادار 2025 ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، نەورۆز و جەژن جیاوازی نێوانیان نزیکەی 8 ڕۆژە، بۆیە ئێمە پلانی ئامادەکارییەکانمان هی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان بەیەکەوەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکامان لە چەند پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەست کراوە بە ئامادەکاری بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکمانەوە بتوانین کەشێکی باش بۆ گەشتیاران بڕەخسێنین، تاکوو گەشتیار هەست بە ئاسوودەیی بکەن لەکاتی هاتنە کوردستان.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: بەو پێیەی نەورۆز کەوتووەتە مانگی ڕەمەزان، خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش زۆرینەی هەرە زۆری موسڵمانن، زیاتر پابەندی ئەرکە ئاینییەکان و خواپەرستین، بۆیە گەشتیار لە باشوور و ناوەراستی عێراق، بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، دەتوانم بڵێم نزیک بووەتەوە لە سفر.

ئەو گوتەبێژە دەشڵێت: سەبارەت بە گەشتیارانی نێو دەوڵەتی واتە ئەو کەسانەی لە ئەورووپاوە دێن، نەورۆز و ڕەمەزان کاریگەری نەبووە و بەردەوامن لە هاتن بۆ کوردستان. 

ئاماژەی بەوەش دا، ئاگری نەورۆز کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، گەشتیارێکی زۆری نیودەوڵەتی هاتوون، بەتایبەتی بۆ ئاکرێ کە بە پایتەختی نەورۆز ناسراوە. 

ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ جەژنی ڕەمەزانیش ئێمە پێمان وایە گەشتیاران قەرەبووی نەورۆزیش دەکەنەوە، چەندان لیژنە بە ئەرک و بەر پرسیارێتی جیاواز پێک هێنراوە، گرنگترینیان ئەو لیژنانەن کە لە بازگەکان پێک هێنراون، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان، هەوڵ دەدەن دیوێکی جوانی کوردستان نیشانی گەشتیارانی بدەن و ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکرێت.

باسی لەوەش کرد، لە ناو سەنتەری شاریش لیژنەکان چاودێریی بازاڕ دەکەن بۆ بابەتی نرخ و کوالێتی، لە کەرتی گەشتیاریش تەواوی بنکە گەشتیارییەکان کراوە دەبن، بە ڕووی گەشتیاراندا. هەروەها ژمارەیەکی تەلەفوونی وەکو هێڵی گەرم لە سەرجەم ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکان ئامادە کراون؛ هاوکات، لە هەندێ شوێنیش سەنتەری زانیاری کراوە دەبێت بۆ خزمەتکردنی گەشتیاران.

ئیبراهیم عەبدولمەجید ڕاشیگەیاند "ژمارەی سەیرانکەرانمان زۆرتر دەبێت نەک گەشتیار، چونکە وەرزەکە وەرزی سەیرانە نەک گەشتیاری."

 
Fly Erbil Advertisment