پاش 60 ساڵ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کوژرانی جەی ئێف کەنەدی بڵاو دەکرێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ نزیکەی 80 هەزار لاپەڕە لە دۆسییەی نهێنیی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی جەی ئێف کەنەدی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمەریکا لە ساڵانی 1961-1963، بڵاو بکرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، کە لە خولی پێشووی سەرۆکایەتییەکەیدا بڕیاری ئاشکراکردنی ئەو دۆسییەی دابوو، بەڵام لەبەر چەند هۆیەکی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی، دوا خرا، ئەمڕۆ بەڵێنەکەی جێبەجێ دەکات. جگە لەو دۆسییە، بڕیارە دۆسییەکانی کوژرانی ڕۆبێرت کەنەدی و مارتن لۆسەر کینگ، ڕێبەری ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا، کە هەردووکیان ساڵی 1968 تیرۆر کران، ئاشکرا بکرێن.
جیهان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئاشکرا بوونی ئەو دۆسییە گرنگانەن، چونکە لەوانەیە زۆر بەڵگەی نهێنییان تێدا بێت، کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەو کوشتنانە، هەڵگەڕێننەوە.
ڕۆبێرت ئێف کەنەدی جۆنیۆر، برازای سەرۆک جۆن کەنەدی، لە ئێدارەکەی ترەمپدا وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆڤایەتییەکانە، ساڵی 2023 لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: بەڵگەی تەواو هەیە کە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا، CIA، لە تیرۆرکرانی مامم تێوە گلاوە. ئەوەش ڕاستییەکی نکۆڵی لێ نەکراوە.
ئەو گوتیشی: ئاماژەی زۆر بەهێز هەن کە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی، دەستی لە کوشتنی ڕۆبێرت کەنەدی باوکیشمدا هەبووە، کە ساڵی 1968 وەزیری داد و کاندیدای سەرۆکایەتی بوو.
بەڵام قسەکانی کەنەدی جونیۆر لەگەڵ ئەنجامی لیژنەی 'وارن'، کە لێکۆڵینەوەی لە تیرۆرکرانی کەنەدی دەکرد، یەک ناگرنەوە، لیژنەکە بە کورتی ڕایگەیاندووە "بکوژی سەرۆک کەنەدی، لی هارڤی ئۆزواڵد، سەربەخۆ ئەو تاوانەی کردووە."
پێشتر، لە ساڵی 2017، ترەمپ فەرمانی دا بە ئاشکراکردنی 2800 بەڵگەنامەی نهێنیی سەبارەت بە تیرۆکرانی کەنەدی، ئەو بەڵگەنامە ئاشکراکراوانە گەلێ وردەکاریی سەرسوڕهێنەریان دەرخست، لەوانە: لە 22ـی تشرینی دووەمی 1963، 25 دەقیقە پێش کوژرانی کەنەدی، کەسێک تەلەفۆنی بۆ ڕۆژنامەی (کامبریج)ـی بەریتانی کرد و بە ڕۆژنامەنووسی بەرپرسی هەواڵە جیهانییەکانی گوت "تەلەفۆن بۆ سەفارەتی ئەمەریکا لە لەندەن بکە، تا هەواڵێکی گرنگت پێ بڵێن" و یەکسەر تەلەفۆنەکەی داخستەوە.
جاک ڕۆبی، ئەو کەسەی تەقەی لە لی هارڤی ئۆزواڵد (تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی کەنەدی) کرد و کوشتی، ساڵێک پێش ڕووداوەکە سەردانی ئیسرائیلی کردبوو، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کردووە کە ڕەنگە تەلئەڤیف دەستی لە کوشتنی کەنەدیدا هەبوو بێت، بە تایبەت پاش ئەوەی دەرکەوتبوو کە کەنەدی و سەرۆکی ئەو کاتەی میسر، جەمال عەبدولناسر، سەبارەت بە مەسەلەی فەڵەستین نامەیان بۆ یەکتر نووسیوە.
ئۆزواڵد، چەک و تەقەمەنی لە هەندێ گرووپی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئەمەریکی وەرگرتبوو، بۆیە ئاژانسی هەواڵگریی سۆڤییەتی جاران، ڕایگەیاند بەڵگەی لایە کە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا (پاش کەنەدی) ليندون جۆنسون Lyndon B. Johnson، ڕاستەوخۆ دەستی لە کوشتنی کەنەدیدا هەبووە. هەروا سەرۆکی ئەو دەمی سۆڤییەت، نیکیتا خرۆچۆف، هەرگیز بڕوای بە قسەی ئەمەریکاییەکان سەبارەت بە کوژرانی کەنەدی نەدەکرد و دەیگوت ڕاستڕەوەکانی ئەمەریکا کوشتوویانە.
نازانرێت ئایا پاش پتر لە شەست ساڵ لە ئاشکراکرانی ئەو بەڵگەنامانە، نهێنیی تاوانی تیرۆرکرانی کەنەدی دەردەکەوێت، یان بۆ هەمیشە وەک ڕازێکی گەورە دەمێنێتەوە؟