ئیسرائیل: دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە غەززە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمەریکا بوو

گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند: شەڕی ئێمە دژی حەماسە کە هاوکارییەکانی بۆ مەبەستی دووبارە بەهێزبوونەوەی خۆی بەکار دەهێنا.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، دەیڤید مێنسێر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمەریکا بوو، جەختی لەوەش کردەوە، هەر لەسەرەتاوە گوتوومانە شەڕی ئێمە لەگەڵ حەماسە نەک لەگەڵ خەڵکی سڤیلی غەززە.گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل، دەشڵێت: حەماس هاوکارییەکانی بۆ مەبەستی دووبارە بەهێزبوونەوەی خۆی بەکار دەهێنا.
ئەو گوتەبێژە باسی لەوەش کرد، بۆیە شەڕمان لەگەڵ حەماس دەست پێکردەوە، چونکە بزووتنەوە چەکدارییەکە ڕەتی کردەوە بارمتەکان ئازاد بکات.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، ڕایگەیاند: لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 400 کەس کوژران، لە نێویاندا چەندین سەرکردەی دیاری حەماس هەبوون.
لای خۆیەوە بەپرسێکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کە نەیویست ناوی ئاشکرای بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: جگە لە کوژرانی پێنج سەرکردەی دیاریی بزووتنەوەی حەماس، ناجی ئەبو سەیف، گوتەبێژی سەرایە قودس، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراوە.