زانکۆی ئیستانبوڵ بڕوانامەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی هەڵوەشاندەوە

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ

زانکۆی ئیستانبوڵ، بڕوانامەی زانکۆیی سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئیستانبوڵی، بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ ڕێساکانی دەستەی خوێندنی باڵا، هەڵوەشاندەوە.

سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، زانکۆی ئیستانبوڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕوانامەی زانکۆیی 28 دەرچوو، بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ ڕێسا و ڕێنمایەکانی دەستەی خوێندنی باڵا هەڵوەشێنرایەوە.

زانکۆکە ڕایگەیاندووە، دەستەی کارگێڕیی زانکۆکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لێژنەی بە دواداچوون، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بڕوانامەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 27 قوتابی دیکەی دا، بەهۆی ساختەکاری لە مامەڵەی دابەزاندن بۆ بەشی ئینگلیزیی زانکۆکە لە ساڵی 1990.

ئەم بڕیارە کاریگەریی لەسەر بەردەوامی ئیمامئۆغڵو، وەک سەرۆکی شارەوانیی پاریزگای ئیستانبووڵ نابێت، بەڵام ڕەنگە ڕێگریی بکات لە خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، کە بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت کاندیدەکان بڕوانامەی زانکۆیان هەبێت.

پارێزەرێکی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ، هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، کە هیچ ساختەکارییەک و کارێکی نایاسایی لەبارەی بڕوانامەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو نییە.

هەر ئەمڕۆ ئیمامئۆغڵو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی دەستەی کارگێڕی زانکۆی ئیستانبوڵ دەکەم و بڕیارەکەی نایاساییە.

 
Fly Erbil Advertisment