تەندروستیی سۆران: لە ماوەی مانگێکدا 400 شوشتنەوەی گورچیلە کراوە

تەندروستیی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لە ماوەی مانگێکدا 400 جار شوشتنەوەی گورچیلە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوە.

سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردوو 400 جار شوشتنەوەی گورچیلە بۆ 67 نەخۆش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، گوتیشی: بۆ هەر جارێک بڕی 130 دۆلار لەسەر حکوومەت دەکەوێت، کۆی گشتیی بۆ هەر مانگێک 52 هەزار دۆلار دەکات.

کامەران مەلا محەممەد، ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری ئیدارەی سۆران سێ سەنتەر تایبەت بە شوشتنەوەی گورچیلە هەن، لەم شوێنانە؛ نەخۆشخانەی ئاشتی، شارۆچکەی مێرگەسۆر، شارۆچکەی چۆمان.

سەنتەری شوشتنەوەی گورچیلە لە بەشێکی زۆری نەخۆشخانە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە و هەر نەخۆشێک پێویستە هەفتەی دووجار شوستنەوەی گورچیلە ئەنجام بدات.