موسا ئەحمەد: کار بۆ جیهانێکی دوور لە هەژاری دەکەین

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆڕبەندی جیهانی داهاتووی دیموکراسی و AI / TECH و مرۆڤایەتی لە شاری بەرلین بەشدارە و دەڵێت: دەمانەوێت لە کۆڕبەندەکە باس لە لەخۆگرتنی سەدان هەزار و ئاوارە و پەنابەر بکەین کە کوردستان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووریدا دەرگای بەڕوودا کردنەوە.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی لە پانێلێکدا باس لە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی کوردستان و خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ لەخۆگرتنی ئەوانەی لە ترسی جەنگ و پاراستنی گیانی خۆیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت: هاوکاریی مانگانە بە منداڵانی ئازیز دەدەین، جگەلە دەستەبەرکردنی تەندروستی و پەروەردە بۆیان، دەشڵێت: دەمانەوێت ببینە بەشێک لەو هەوڵانەی دەدرێن لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ نەهێشتنی هەژاری و هێنانە کایەی جیهانێکی بێ هەژار.
موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر شەش و نیو بە کاتی هەولێر لەچوارچێوەی 50 پانێلی کۆڕبەندەکەدا، پانێلێکی لەبارەی کردنەوەی دەرگای کوردستان بەڕووی ئاوارە و پەنابەران دەکات.
تەوەرەکانی کۆڕبەندەکە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە باسکردن دەبێت لەسەر داهاتووی دیموکراسی و ژیری دەستکردو تەکنەلۆژیاو مرۆڤایەتی.
کۆڕبەندی جیهانی داهاتووی دیموکراسی و AI / TECH و مرۆڤایەتی بۆ داهاتووی دیموکراسی و ژیری دەستکردو تەکنەلۆژیاو مرۆڤایەتی کاردەکات، کاردەکرێت بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و پڕۆژەو پێشنیازو پڕۆژە یاسا دەکرێت، ئەمەش لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی سیاسی جیهان.
لە کۆڕبەندی بەرلین، قسە لەسەر ئەوە دەکرێت چوارچێوەیەک بۆ کاری ژیری دەستکردو سۆشیال میدیاو ژیانی دیجیتاڵی دابنرێت بە چەشنێک ببێتە هۆی بەهێزکردنی دیموکراسیەت و ئازادیی و مرۆڤایەتی نەک بیخاتە مەترسیەوە.
بیل کلینتن و هیلاری کلینتن وەک میوان لە فۆرومەکە بەشداردەبن و فۆرومەکە بە پشتیوانی سیاسی و هونەرمەندان و خەڵکانی ناسراو لە دژی هەژاری و برسێتی لە وڵاتانی دنیا تێدەکۆشێت، هاوکات پشتیوانی لە ڕێکخراوەکانی خێرخوازی و هاوکاری دەکات.
لە فۆرومەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بە بیل کلینتن دەبەخشرێت، کە ڕۆڵی هەبوە لە کۆتایی هێنان بە شەڕەکانی بۆسناو کۆسۆڤۆو یوگسلافیا، ئێرلەندای باکوور، تەیموری رۆژهەڵات و ڕێککەوتنی ئاشتی ئەوکات لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.
کۆڕبەندی جیهانی داهاتووی دیموکراسی و AI / TECH و مرۆڤایەتی بەرلین کە ڕۆژانی 18 و 19ـی ئادار بەڕێوەدەچن، بۆ دروشمی کۆڕبەندەکە نووسیوویانە، دیموکراسی و ئازادی و مانەوەی ڕەگەزی مرۆڤ لە مەترسیدایە.