قایمقامی ئاکرێ: نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز دەبێت

ئامادەکارییەکانی نەورۆز لە ئاکرێ لە تەواوبوونە و قایمقامی ئەو شارۆچکەیەش دەڵێت: دوو هەزار گەنجی خۆبەخش مەشخەڵی ئاگر بەرز دەکەنەوە.

سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ماوەی دوو مانگە خەریکی ئامادەکارییەکانین تایبەت بۆ ئاهەنگی نەورۆز، ئێستا تەواویی ئامادەکارییەکان کۆتاییان پێ هاتووە و بە جوانترین شێوە ئاهەنگی نەوڕۆز لە ئاکرێ بەڕێوەدەچێت.

دلاوەر بۆزۆ، گوتیشی: دوو هەزار گەنجی خۆبەخش بە مەشخەڵی ئاگرەوە دەچنە سەر چیای کەلێ و ئاگری نەورۆز دەکەنەوە، ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیش ئامادە کراوە، کە درێژییەکەی 100مەترە و پانییەکەشی 10مەترە.

دلاوەر بۆزۆ، باسی لەوە کرد، ڕێگەی هاتنەخوارەوە لە گردی ئاکرێ تەواو بووە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ میوانان دەکات، چونکە ساڵانی پێشوو قەرەباڵغیەکی زۆری تێدا دروست دەبوو.

قایمقامی ئاکرێ، جەخت لەوە دەکاتەوە، نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاودێری بەڕێوەچوونی کارەکان دەکات.

دووەم ساڵە نەورۆز دەکەوێتە مانگی ڕەمەزاندا و هەر بۆیە چالاکییەکانی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە ئاکرێ دەچنە دوای بەرەبانگ.