قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر: لە مانگی ڕەمەزاندا 36 شوێن داخراون

لە مانگی ڕەمەزاندا 36 شوێن لە سەنتەری شاری هەولێر داخراون و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمیش ئاماژەی بەوە دەکات، لێژنەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 20 هەزار سەردانی شوێنەکانیان کردووە.
سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لێژنەکانی چاودێریی بازاڕ لە مانگی ڕەمەزاندا، زۆرترین سەردانییان کردووە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی گومان دەکرێت خواردنی ماوە بەسەرچوو یان ڕەچاوی ڕێنماییەکانی تەندروستییەکانیان نەکردبێت.
نەبەز عەبدولحەمید، گوتیشی: لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانەوە تاوەکو ئەمڕۆ 36 شوێن داخراون و هەر یەکەیان هۆکارێکی جیاوازی هەبووە.
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، دووپاتی کردەوە، لە هەر شوێنێک قۆرخکاری بازار یان ڕێنمایی تەندروستیی جێبەجێ نەکرێت، یاخود مۆڵەتیی تەندروستیی نەبێت شوێنەکە دادەخرێت پێبژاردنی بۆ دەکرێت.
هەر دوێنی نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی گشتیی هەرێم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە 200 ملیۆن پێبژاردن بەو بازرگان و خاوەن مۆڵانە کراوە کە سەرپێچی ڕێنماییەکانی بازرگانییان کردووە، زیاتر لە 30 شوێنیش بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، سەرباری ئەوەی زیاتر لە 500 سەرپێچیش تۆمارکراون.
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکراشی کرد، لێژنەکان زیاد لە 20 هەزار سەردانیان هەبووە بۆ شوێنە بازرگانییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.