گفتوگۆی ئاگربەستی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە سعوودیە بەڕێوە دەچێت

ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی ئاگربەستی ئۆکرانیا و ڕووسیا، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە جددەی سعوودیە دەست پێ دەکاتەوە.
دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پۆتین، ستیڤ ویتکۆڤ، بە تۆڕی 'فۆکس نیوز'ـی ڕاگەیاند، "گفتوگۆکانی ئاگربەست ڕۆژی یەکشەممە، لە جددە دەست پێ دەکاتەوە."
ئاماژەی بەوەش دا، "تیمێکمان هەیە بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، مایک والتز و وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ دەچنە سعوودیە، و پێموایە دەزانن کە دەبێت وردەکارییەکان دیاری بکەن."
ڕۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پۆتین، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا 90 خولەک قسەیان کرد و تێیدا باسی چەندین دۆسیەی جیاواز و ستراتیجیان کرد.
کۆشپی سپی ڕایگەیاندووە، ترەمپ و پۆتین ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی "پێویستە ئاگربەستی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا بکرێت و کۆتایی پێ بێت و ئاشتی بەرقەرار بێت.
ڕوونیشی کردەوە، ئەو پارە و خوێنەی وڵاتی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەو شەڕە خەرجیان کردووە، دەکرا باشتر بۆ پێداویستی گەلەکەیان خەرجیان کردبوایە، نەدەبوا ئەو شەڕە دەست پێ بکات، یان دەبوایە بە دەستپیشخەری دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە کۆتایی بەو شەڕە بهێنرایە.