هاوسەرۆکی دەم پارتی: ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئیمامئۆغلو دژی ئیرادەی خەڵکە

هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئیمامئۆغڵو دژی ئیرادەی خەڵکە.
چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، تولای هاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئیمامئۆغلو دژی ئیرادەی خەڵکە.
سەرۆکی جەهەپە: کودەتا دژی کاندیدی سەرۆک کۆماری ئێمە کراوە
لای خۆیەوە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: کودەتا دژی کاندیدی سەرۆک کۆماری ئێمە کراوە.
دەشڵێت: بڕیاردان بە ناوی گەل، بەکارهێنانی هێز بۆ جێگرتنەوەی ئیرادەی گەل یان بۆ بەربەست کردنی کودەتایە.
ئۆزگول باسی لەوە کرد، هێزێک بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی میللەت نەتوانێت سەرۆکی داهاتوو دیاری بکات.
گوتیشی: ئێمە لەبەردەم هەوڵی کودەتایەکداین دژی سەرۆکی داهاتوومان.
میللەتەکەمان دەوڵەتەکەی خۆشدەوێت، بەڵام ئەگەر کەسێک هەوڵی ئەوە بدات دەوڵەت لە دژی میللەت بجووڵێنێت، میللەت ڕێگەی پێنادات. دەسەڵاتی ڕاستەقینە میللەتە و لە کۆتاییدا میللەت سەردەکەوێت.
ئۆزگول ئۆزال ڕاشیگەیاند "ئێمە خۆمان ڕادەست ناکەین. لە کۆتاییدا ئیرادەی گەل سەردەکەوێت و تورکیا سەردەکەوێت."
گەورە شارەوانی ئەنقەرە: سەرۆکمان ئەکرم ئیمامئۆغڵو بە تەنیا نییە
لای خۆیەوە مەنسوور یەڤاش، گەورە شارەوانی ئەنقەرە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی نووسیویەتی: هەرکەسێک بەرگریی لە سەروەری یاسا و دیموکراسی و ئیرادەی گەل دەکات لەم وڵاتەدا، پێویستە بزانێت کە ئەم هەوڵانە دژ بە سەرۆک شارەوانییەکی هەڵبژێردراو هەرگیز قبوڵکراو نین.
دەڵێت: دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لەلایەن پۆلیس و تیمەکەی لەبەردەم ماڵی خۆی لەگەڵ دەوڵەتێکدا ناگونجێت کە یاسا بەڕێوەی دەبات.
هەرچەندە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی نادیارە؛ بۆ ئەبێت سەرۆک شارەوانی دەستبەسەر بکرێت کە پێشتر چووەتە بەردەم دادگا و گوتەی لێ وەرگیراوە، ئەم دەستبەسەرکردنە بۆ؟
مەنسوور یەڤاش دەشڵێت: ئەگەر بەڕاستی بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێیت، سەرەتا دەبێت پابەند بیت بە بنەما سەرەکییەکانی یاسا. پێویستە بزانرێت هیچ دەستێوەردانێک بە پێچەوانەی ئیرادەی میللەتەوە بێ وەڵام نابێت. دیموکراسی ئێمە گەورەترین زیانی بەردەکەوێت کە بە شێوازی فشار و هەڕەشەی نایاسایی دەکرێت. بەڵام بێدەنگ نابین!
ڕاشیگەیاند "با کەس بیری نەچێت: سەرۆکمان ئەکرەم تەنیا نییە!
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزێکی ئەمنی تورکیا هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کردووە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیستانبوڵ هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند شوێنێک لە نێویاندا چوونەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و ڕاپێچیان کردووە، هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا 104 کەسی دیکەی دیکەشیان دەستگیرکردووە لە نێویاندا ڕۆژنامەنووس و بازرگان هەن.
میدیاکان ئاماژەیانداوە، بڕیاری دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو و ئەوانی دیکە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ جوولێنراوە.
بە گوتەی گۆکهان گونایدن لە جەهەپە، 20 ئۆتۆمبێلی پڕ لە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ.
لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی ئیستانبوڵ، عەبدولڕەحمان شیمشەک ڕێکخەری هەواڵ لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکی نووسیویەتی، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە بەشداری سێ هەزار پۆلیس لە دژی 105 کەس دەستیپێکردووە، کە لە نێوانیاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ کراوە، دەستگیرکراون.
لای خۆیەوە پارێزگاری ئیستانبوڵ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ هەموو چالاکییەکانی قەدەغە کرد، ڕێگەی میترۆی ئاکسەراشی بۆ ماوەیەکی نادیار داخست.