هێزی دەریایی عێراق دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرت

سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنی سیشەممە، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەناسراو لە ئاوەکانی عێراقدا گرتووە، کە گومانی قاچاخیی نەوتی لێ دەکرێت.
سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە "هێزەکانی فەوجی 1ـی دەریایی، سەر بە لیوای 2ـی دەریایی، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەناسراو دا گرتووە، کە گومانی بەقاچاخبردنی نەوتی لێ دەکرێت."
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە "ئەو هێزە ئەرکی پاراستنی بەندەری نەوتی بەسرە و سەکۆی نەوتییە، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری، بەهۆی گومانی چالاکیی نایاسایی لە ئاوەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە."
باسی لەوەش کردووە "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر کەشتییەکەدا گیراوە، کە کاپتنەکەی ئێرانی بووە لەگەڵ تیمێکی هەشت کەسی کە دوویان عێراقی و ئەوانی دیکەش هیندی بوون هەموویان دەستگیر کراون، چونکە بەبێ ڕێگە پێدانی فەرمی هاتوونەتە ئاوەکانی عێراق و گومانی قاچاخیی نەوتیان لێ دەکرێت".
ڕوونیشی کردەوە، "کەشتییەکە گواسترایەوە بۆ بنکەی دەریایی ئوم قەسر، هەروەها تیمەکەی بەپێی ڕێکارە یاسیاییەکان ڕادەستی بنکەی پۆلیسی ئوم قەسر کران".