دوو ئەفسەری ناڕازیی سوپای ئیسرائیل لەڕیزەکانی سوپا دەرکران

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دوو ئەفسەری یەدەگی سوپایان لە کارەکانیان دوورخستەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ناڕەزایەتیان لە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە، دەربڕی.

ڕۆژنامەی 'تایمز ئۆف ئیسرائیل' بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەفسەرێکی یەدەگ لە سوپا دەرکرا، دوای ئەوەی لە سۆشیال میدیا پۆستێکی کردبوو، ڕەتی کردەوە بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کەرتی غەززە، پەیوەندی بە سوپاوە بکات.

مایکل ماگەر، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "باشترین کار بۆ پاراستنی گەلەکەم، ڕەتکردنەوەی بەشداریکردنمە لە شەڕ و خزمەتی خیانەتکارە پیسەکانە، کە بە تەواوی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئیسرائیلە."

لە پۆستێکی دواتردا، ماگەر گوتی: "لە خزمەتی سەربازی دوورخراومەتەوە."

ئەفسەرێکی دیکەی یەدەگ لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، دوێنێ سێشەممە لەسەر پۆستێکی هاوشێوە لە سۆشیال میدیا، لە کارەکەی دوورخرایەوە.

دوابەدوای بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕ، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئیسرائیل زیاتر بوون، چونکە پێیان وایە دەست پێکردنەوەی شەڕ، مەترسی لەسەر چارەنووسی دەیان بارمتە هەیە  هەروەها ڕەخنەش لە کارەکانی حکوومەت لەسەر دەرکردنی سەرۆکی شاباک و داواکاری گشتی، گیرا.