ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەر دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا سێ تەوەری تاوتوێ کرد و چەند بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەر کرد.
چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئامادە بوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆ بووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنەکەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725 و هیوای خواست، ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ خەڵکی کوردستان.
تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر سزای سەرپێچی هاتووچۆ، هاوکات بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و لەپێناو یارمەتیدانی هاووڵاتیيان، بڕیار درا بە درێژکردنەوەی داشکاندن بە ڕێژەی 20%ـی لە سزای سەرپێچی هاتووچۆ تاوەکوو ڕێککەوتی 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ.
هەروەها ئەنجوومەنەکە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بە دابینکردنی مووچەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانی کە بە گرێبەست یان بە هەمیشەیی لە 2024 دامەزراون و تا ئێستا مووچەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ نەبەستراوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژەی ڕاسپارد، کاری پێویست بۆ ئەم دەرچووانە بکەن و ئەنجامی هەوڵەکانیان لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنەکە بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی دامەزراندنیان بدرێت.

