ڕووسیا و ئۆكرانیا 372 دیلیان گۆڕییه‌وه‌

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ پرۆسه‌یه‌كدا، كه‌ ئیمارات سه‌رپه‌رشتیی كردووه‌، زیاتر له‌ 370 دیلیان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا گۆڕیوه‌ته‌وه‌.

چوارشه‌ممه‌، 19ـی ئاداری 2025، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا ڕایگه‌یاند، له‌ پرۆسه‌یه‌كدا كه‌ ئیمارات سه‌رپه‌رشتیی كردووه‌، 372 دیلی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا گۆڕیوه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، 175 دیلی ڕووس به‌رانبه‌ر به‌ 175 دیلی ئۆكرانیایی گۆڕدراونه‌ته‌وه‌، هاوكات ڕووسیا 22 برینداری ئۆكرانیایی كه‌ برینه‌كانیان مه‌ترسیداره،‌ ڕاده‌ستی وڵاته‌كه‌یانی كردووه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی نیشاندانی نیازپاکی.

سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی پێشنیازەکانی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست لەگەڵ ڕووسیا گوتی: مەرجەکانی پوتن بۆ ئاگربەست ئامانج لێی، لاوازکردنی ئۆکرانیایە، گوتیشی: مەرجەکان نیشان دەدەن، پوتن ئامادە نییە کۆتایی بە جەنگ بێنێت.

ڤۆلۆدمێر زێلینسکی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئەمەریکا وردەکاری لەبارەی ئاگربەستەکە بە ئۆکرانیا بدات.

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سێشەممە 18ـی ئاداری نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، زێلینسکی گوتی: پشتیوانی لە پێشنیازەکانی ئاگربەست دەکەین، بەو مەرجەی وردەکارییەکانمان پێ بڵێن، دووپاتیشی کردەوە، سوپای ئۆکرانیا بەردەوامی بە جەنگ دەدات لە ناوچەی کۆرسکی ڕووسیا.