زێلێنسکی: بە سەرکردایەتیی ترەمپ دەتوانرێت ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ئۆکرانیا بەدەست بهێنرێت

سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا
سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی زۆر جەوهەری و بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا هەبوو. جەختی لەوە کردەوە، ئەمەریکا و ئۆکرانیا بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.

چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەم کرد و ستایشی کارەکانی تیمی ئۆکرانیا و ئەمەریکای کرد، کە لە جەددە کۆبوونەوەیەکی ئەرێیی و  یارمەتیدەریان هەبوو بۆ هەنگاونان بەرەو کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: گفتوگۆیەکی زۆر جەوهەری و بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا هەبوو، ئێمە لەسەر ئەوە کۆک بووین کە ئۆکرانیا و ئەمەریکا بەردەوام بن لە کارکردن بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ڕاگرتنی جەنگ و گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام.

جەختی لەوە کردەوە، بە سەرکردایەتیی ترەمپ و ئەمەریکا، ئەمساڵ دەتوانرێت ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ئۆکرانیا بەدەست بهێنرێت.

زێلێنسکی گوتی: ترەمپ باسی گفتوگۆکەی خۆی لەگەڵ پوتین کرد، هەردوولا پێیان وایە هەنگاوی یەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕاگرتنی هێرشەکانە بۆ سەر ژێرخانی وزە، من پشتگیریم لەم هەنگاوە کرد و ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی.

لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە سعوودییە، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاشکرای کرد، هەردوو شاند ئامادەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە سعوودییە کۆ ببنەوە بۆ بەردەوامیی لە هەماهەنگی و هەنگاوەکانی گەیشتن بەرەو ئاشتی.

گوتیشی: ئۆکرانییەکان ئاشتییان دەوێت، هەر بۆیە ئۆکرانیا پێشنیازی ئاگربەستی بێمەرجی قبووڵ کرد. 

لای خۆیەوە کۆشکی سپی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئۆکرانیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەسەر هەماهەنگیکردن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست ڕێککەوتن.

کۆشکی سپی، ڕوونیکردەوە، ڕێککەوتنەکە ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لەخۆ دەگرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، شاندی هەردوولا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە سعوودییە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست.