لە شارێکی بەلجیکا سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە پەیڕەو دەکرێت

ڕۆژنامەی دی مۆرغنی بەلجیکی لە ژمارەی ئەمڕۆ، چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، لە ڕاپۆرتێکدا، پیتەر دی کریم، سەرۆکی شارەوانیی شاری ئاڵتەر، بە ڕەگەزپەرستیی تاوانبار دەکات.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی داوە، پیتەر دی کریم، سەرۆکی شارەوانیی شاری ئاڵتەر، بڕیاری داوە هەر کەسێک بیەوێ لەو شارە ئاکنجی نیشتەجێ بێت و خۆی ناونووس بکات، دەبێت سەرەتا ماڵەکەی بپشکنرێت، ئەمەش لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت. بەڵام بڕیارەکە بەلجیکییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە ڕەگەز بەلجیکی نین!"
بریونۆ ستراوس، ڕۆژنامەنووس، گفتوگۆی لەگەڵ نزیکەی 20 کەس لەوانەی تازە هاتوونەتە ئاڵتەر، کردووە و بەڵگەنامەکانیانی بینووە، هەندێک لەوانە نیازیان وایە شارەکە بەجێ بهێڵن، چونکە شارەوانیی شارەکە کێشە و گرفتی زۆری بۆیان دروست کردووە و کارئاسانیان بۆ ناکات.
ئەلیسا لیکویس، تەمەن 29 ساڵ، کە ئافرەتێکی بەلجیکییە دەڵێت: تازە ماڵم گواستووەتەوە ئەم شارە و بە ئاسانی ناونووس کرام، بەڵام هاوژینەکەم کە بە ڕەگەز چیچانییە، نزیکەی شەش مانگە هەر بەدوای مامەڵەی ناونووسکردنەوەیە و هێشتا کارەکەی جێبەجێ نەبووە. بە ڕای من، مەبەستی شارەوانی دوورخستنەوەی بیانییەکانە لەم شارە.
جگە لە ئەلیسا، کەسانی دیکەش باس لە سیاسەتی بێزارکردنی بیانییەکان دەکەن. پێشتر لەم شارە شتی وا نەبوو، کەچی ئێستا ئەگەر کەسێکی بە ڕەچەڵەک مەغریبی ناسنامەی بەلجیکیشی هەبێت، یەکسەر لە شارەوانی پێی دەڵێن: دەبێت ماڵەکەت بپشکنین، ئەمەش واتە مامەڵەی خۆتۆمارکردنەکەی چەندان مانگ دەخایەنێت، لە کاتێکدا کەسێکی بە ڕەگەز بەلجیکی ئەوەی پێ ناگوترێت.
ستراوس، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێت "وادیارە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ڤلاندرن ئاگەداری ئەم مەسەلەیەن. چونکە چەندان نووسراوی وەزارەتی ناوخۆی هەردوو حکوومەت بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئاڵتەر نووسراون، بە ڕوونی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو مامەڵە هەڵەیە ڕاگرن. هەر کەسێک بیەوێ لەوێ بژی، دەبێت بەبێ کێشە ناونووس بکرێت."
جۆی ڤرسخیلە، کۆردیناتۆری پێگەی کرێچییانی ڤلاندرن، دەڵێت: ئەم هەڵسوکەوتەی سەرۆکی شارەوانیی ئاڵتەر، بە هیچ شێوەیەک یاسایی نییە. ئەمەش ڕای سەرجەم پسپۆڕانی یاسایە. ڤرسخیلە، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: یاسا زۆر ڕوونە، هەر کەسێک لە هەر کوێیەک بژی، دەبێت بەبێ گرفت لەوێ ناونووس بکرێت.
ئاڵتەر، دەکەوێتە باکووری بەلجیکا و نزیکە لە شاری گەشتیاریی بریوغە.