ئەمەریکا: پێویسته‌ عێراق له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت ڕێكبكه‌وێت

تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت رێکبکەوێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بگاتە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا دەست پێ بکاتەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هاوکات داوای ئەوەشی کرد، پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێز لەو گرێبەستنە بگرێت لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیانە،  چونکە ئەمە بەشێکە لە کێشەکە. 

تامی جەختیشی کردەوە، کردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا، دڵنیایی دەدات نەوتی عێراق دەگاتە جیهان، ب ەتایبەت بازاڕەکانی ئەووروپا و عێراق و هەموو لایەکیش لەمە سوودمەند دەبن.

چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: کۆبوونەوەکەمان لەبارەی هەمواری یاسای بودجە بوو، تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، هەفتەی داهاتووش لەگەڵ شاندەکە کۆدەبینەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەمڕۆ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئاماژەیان بە چەند وردەکارییەک کرد، بەپێی قسەی ئەوان هەفتەی داهاتوو دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێتەوە.