سبەی ئێوارە ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ بەڕێوە دەچێت

هاتنی گەشتیاران بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و سبەینێ ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ بەڕێوە دەچێت.

چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات بۆ ئەم چەند ڕۆژەی ئاهەنگەکانی نەورۆز، زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. 

سبەینێ پێنجشەممە، لە ئاکرێ لە رێوڕه‌سمێكی گەورەی فەرمییدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و چەندین چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.

لەلای خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی ئاکرێ بڵاوی کردەوە، پێنج تیمی جێگیری پزیشکی لە شوێنی مانەوەی گەشتیاران جێگیر کراون و پێنج تیمی گەڕۆکیش لە شوێنی گەشتیاران دەبن.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئاکرێ، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامادەکاری تەواو لە هەردوو نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراوە، بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.