فوئاد حوسێن بۆ عێراقییەکان: خۆتان بۆ هاوینێکی سەخت ئامادە بکەن

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەمەریکاییەکان بەڕوونی ئاگاداریان کردمەوە و پێیان گوتم پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری ڕاگرتنی لێخۆشبوون لە کڕینی کارەبای ئێران، نییە.

د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند "ئێستا ئێمە لەسەر درێژکردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوون، ڕووبەڕووی سیاسەتێکی نوێ بووینەتەوە، چونکە لە کۆبوونەوەی پاریس بەئەمەریکیەکانم گوت، ئەوان بەڕوونی پێیان گوتم بڕیاری ڕاگرتنی لێخۆشبوونەکە گەڕانەوەی نییە و درێژ ناکرێتەوە."

گوتیشی: جیاوازی لە نێوان کڕینی کارەبا و غاز هەیە، کێشەیان لە کڕینی غاز نییە، بەڵام کێشەی غاز ئەوەیە کە تۆ دەیکڕیت، چۆن پارەکەی دەدەی؟ ئێستا ئێران دەڵێ غازت دەدەمێ بەڵام کوا پارەکەم؟ ئێ پارەکەت لە بانکی تی بی ئای بۆ کۆ دەکەینەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە هەندێک لێکگەیشتنمان لەگەڵ ئەمەریکان هەبوو، ئەویش کڕینی پێداویستییە خۆراکیی و پزیشکیەکان و هەندێک شتی دیکەمان دەکڕی کە بابەتەکە مرۆیی بوو، بەڵام ئیستا ئەو لێکگەیشتنە نەماوە، من باس لە مانگەکانی داهاتوو دەکەم کە تووشی کێشە دەبینەوە."

فوئاد حوسێن دەشڵێت: ئومێدەوارم، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی نەوت، هەموومان پێکەوە هاوکار بین بۆ تێپەڕاندنی سێ مانگی داهاتوو، چونکە من ترسم هەیە مانگەکانی داهاتوو دۆخی کارەبا زۆر سەخت دەبێت.

لەو بارەوە پێشتر ئیمان ناسری، بەڕێوەبەری کارگێڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆمپانیای FGE ڕایگەیاندبوو، "ڕاگرتنی لێخۆشبوونەکان تەنیا هاوردەکردنی کارەبا دەگرێتەوە، بەڵام ئەوکاتە هاوردەکردنی غاز کاریگەری لەسەر دروست دەبێت، ئەگەر هاتوو ئەمەریکا شێوازەکانی پارەدانی عێراق بە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران بزانێت".

لەو چوارچێوەیەدا، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "ئەگەر هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگیرێت، عێراق ڕووبەڕووی کەمی کارەبا دەبێتەوە و زیاتر لە 30% کارەباکەی لەدەستدەدات."

لێخۆشبوونەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق، لە 7ـی ئادار کۆتاییهات، شارەزایانی بواری وزەش ئاماژەیان کردووە، "بڕیارەکە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر توانای عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ناڕەزایەتی جەماوەری، وەک ئەوەی لە ساڵانی پێشوودا ڕوویدا، بەتایبەتی لە بەسرە".