ترەمپ جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکات

کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی جەژنی نەورۆز بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: ئەمەریکا گەرمترین پیرۆزبایی لەو گەلانە دەکات کە یادی ئەم جەژنە دەکەنەوە.
دەشڵێت: نەورۆز جەژنێکی کۆنە و ئاماژەیە بۆ دەستپێکی وەرزی بەهار. هەروەها نەریتێکی چەندان ساڵەیە، خۆ ئامادەکردنیشە بۆ ساڵێ نوێ.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە نەورۆز دەڵێت؛ لەجیاتی گەلی ئەمەریکا، پیرۆزبایی نەورۆز لە هەمووان دەکەم و هیودارم هەموو لایەک چێژ لە پشووەکانیان و ساتەکانیان لە نەورۆزدا ببینن.
جەژنی نەورۆز یان دەستپێکی ساڵی نوێ لەناو دەیان وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەندیدا بەڕێوە دەچێت و هەریەک لەو وڵات و گەلانە بە جۆرێک گوزارشت لەو جەژنە، یان دەستپێکی ساڵی نوێ دەکەن.
لە مەنگۆلیاوە و وڵاتانی ئاسیای ناوەندیی و ئەلبانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و هیندستان و بەشێک لە ڕووسیا ئاهەنگی نەورۆز یان هاتنی سەری ساڵی نوێ و وەرزی بەهار دەکەنەوە.
نەخشەی ئاهەنگی نەورۆز، یان جەژنی ساڵی نوێ لە وڵاتانی وەک (هیندستان، پاکستان، ئێران، عێراق، سوریا . تورکیا ، ئەلبانیا، ئازەربایجان، جوریا، ئەرمینیا، تورکمانستان، ئۆزباکستان، کازاخستان و مەنگۆلیا) ساز دەکرێت.
بەهۆی کۆنیی جەژنەکەوە لەناو هەر یەک لە گەلانی ناوچەکەدا ئەفسانەی جۆراوجۆر تێکەڵ بە سەرهەڵدانی جەژنەکە بووە و بەگشتیی گەلانی ناوچەکە دەیبەستنەوە بە کۆتایهاتنی گرفتەکان و هاتنی وەرزێکی شاد.
بەگشتیی بوونی نەورۆز پەیوەستە بە هاتنی وەرزێکی نوێ کە کۆتایی بە باران و لافاو و کارەساتە سروشتییەکان و دار و درەخت گەڵا و گوڵ دەکەن وەک سەرەتای وەرزێکی بەبەرهەم، سروشت سەوز دەبێت.
لای گەلی کورد نەورۆز سیمبولی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرداریی و سەرکەوتنە. هەموو ساڵێک، لە 20ـی ئاداردا بە کردنەوەی ئاگر و پۆشینی جلوبەگی کوردی، لەهەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز ساز دەکرێت و چەندان چالاکیشی تێدا بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش، لە ئاکرێ لە ڕێوڕهسمێكی گەورەی فەرمییدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و چەندان چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.