باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی وڵاتان بەشداریی ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ دەکەن
لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیران، باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی وڵاتان گەیشتنە هەولێر

لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، باڵیۆز و نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتان لە بەغدا، بۆ ئاهەنگی نەورۆز هاتوونەتە هەولێر.
لەسەر بانگهێشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆزو سەری ساڵی کوردی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز و نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتان لە بەغدا بە یاوەری، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عیراق، گەیشتنە هەولێر.
شاندی دیپلۆماتکارەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەلایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگە، پێشوازییان لێ کرا.
سەفین دزەیی، بە ناوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بەخێرهاتنی میوانانی کرد و گوتی: بەشداریتان لەگەڵ گەلی کوردستان، لە ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی جێگەی پێزانینە، بەوهیوایەی لە ماوەی مانەوەتان لەهەرێمی کوردستان کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.





