بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ بەڕێوە دەچێت

کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز لە پایتەختی نەورۆز لە قەزای ئاکرێ، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز، کونسوڵی گشتیی، دیپلۆمات و نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتان لە عێراق و هەرێم و بەشداریی هەزاران هاونیشتمانی و گەشتیار، کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، لە پایتەختی نەورۆز لە قەزای ئاکرێ بەڕێوە دەچێت.
جەژنی نەورۆز یان دەستپێکی ساڵی نوێ لەناو دەیان وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەندیدا بەڕێوە دەچێت و هەریەک لەو وڵات و گەلانە بە جۆرێک گوزارشت لەو جەژنە، یان دەستپێکی ساڵی نوێ دەکەن.
لەلای گەلی کورد نەورۆز سیمبوڵی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرداریی و سەرکەوتنە. هەموو ساڵێک، لە 20ـی ئاداردا بە کردنەوەی ئاگر و پۆشینی جلوبەگی کوردی، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز ساز دەکرێت و چەندان چالاکیشی تێدا بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش، لە ئاکرێ لە ڕێوڕهسمێكی گەورەی فەرمییدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و چەندان چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.