عەباس عراقچی: نامه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ خامنەیی له‌ هەڕەشە دەچێت

وەزیری دەرەوەی ئێران له‌ باره‌ی نامه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه‌ بۆ ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووه‌ لێدوان ده‌دات و ده‌ڵێت، به‌م زووانه‌ وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 20ـی ئاداری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران له‌ لێدوانێكی بۆ كه‌ناڵی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی گوتی، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت نامه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه‌ بۆ عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووه‌، ده‌رفه‌تێكی باشه‌، به‌ڵام له‌ بری ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بێت "له‌ هه‌ڕه‌شه‌ نزیكتره‌."

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگه‌یاند، سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ و لێوردبوونه‌وه‌ی نامه‌كه‌ن و به‌م زووانه‌ به‌ فه‌رمی وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌. 

7ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ڕایگەیاند "لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە."

دۆناڵد ترەمپ گوتی: لە نامەکەدا هیوام خواست کە بێن دانوستاندن لە بارەی پرسی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە کە بۆ ئێران باش بێت.

ترەمپ ڕاشیگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن، چەکێکی تری ئەتۆمی دروست ببێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، ئێران بۆ چارەی ئەو پرسە، دوو ڕێگەی لە بەردەستە، ئەوانیش یان لە ڕێگەی سەربازییەوە دەبێت، یانیش بەشێوەی ڕێککەوتن. گوتیشی: من ڕێگەی ڕێککەوتنەکەم پێ باشترە، چونکە نامەوێت ئازاری ئێران بدەم.