سەرۆک وەزیران: نەورۆز هێمای ئازادییە

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: نەورۆز تەنیا ڕۆژێکی نوێ نییە، بەڵکو بیرهێنانەوەیەکە کە زووڵم و ستەم تا سەر بەردەوام نابێت.

پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان گوتی: چەندین ساڵە کچ و کوڕی ئاکرێ، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز دەبنە سەر چیای کەلێ، کە وایان کردووە قەزاکە ببێتە پایتەختی نەورۆز.

هاوکات دەڵێت: "نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ئێمە زۆر تایبەتە، چونکە پێشمەرگە و سەروەر و ڕێبەر سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئێمەیەدا لە ئاهەنگەکەدا بەشدارە."

سەرۆک وەزیران سوپاسێکی تایبەتی خەڵکی ئاکرێ دەکات و دەڵێت: "هەموو ساڵێک خەڵکی ئاکرێ زۆر ماندوودەبن لە ڕێکخستنی ئاهەنگی نەورۆز، هەروەها دیمەنی جوانی ئاکرێ نیشانی هەموو جیهان دەدەن و باوەشیان بۆ گەشتیاران دەکەنەوە."

لەبارەی نەورۆزەوە، مەسرور بارزانی، گوتی: نەورۆز تەنیا ڕۆژێکی نوێ نییە، بەڵکو بیرهێنانەوەیەکە کە ستەم و زووڵم تا سەر بەردەوام نابێت و ئەو نەتەوە و گەلەی کە داوای ئازادی دەکەن ڕۆژێک هەر پێی دەگەن و بە دەستی دەهێنن، هەروەها نەورۆز هێمای ئازادییە.

سەرۆک وەزیران هیوای خواست، جەژنی نەورۆز ببێتە مایەی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەختەوەری بۆ گەلی کورد لە کوردستان و سەرانسەری جیهان.

دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

مێوانانی هێژا و بەڕێز، ئێوە هەمووتان
بەخێربێن سەرچاوان
هیوادارم خوا ڕۆژوو و نوێژ و تاعەتی ئێوە هەموان قەبووڵ بكات.
چەندین ساڵە كچ و كوڕی كوردان خەتیری ئاگری نەورۆز دەبەنە سەر چیا، بەڵام ئەوە دوو ساڵە بە شێوەیەكی فەرمی، كچ و كوڕانی ئاكرێ، خەتیری ئاگری نەورۆز دەبەنە سەرێ كەلهێ و ئەو چیایانەی ئاكرێ بۆ هەڵكردنی ئاگری نەورۆز.

نەورۆزی ئێوە هەمووان پیرۆز بێت، ئەمساڵ بە تایبەت، ساڵێكی گەلێك تایبەتترە بۆ ئێمە، چونكە پێشمەرگە و پارێزەری كوردستان، سەروەر و ڕێبەری ئێمە، جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵمانە، گەلێك بەخێر هاتن سەر سەر و سەرچاوان جەنابی سەرۆك.

جێی خۆیەتی سوپاسی وەزیری دەرەوەی حكوومەتی فیدڕاڵ و جێگری وەزیر و شاندی لەگەڵیاندان بكەم، بۆ بەشداریكردنیان لەم ئاهەنگە. هەروەك بەخێرهاتنێكی گەرمی باڵوێز و كونسوڵ و دیپلۆماتكار و كەسایەتییە سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەم كە لەم ئاهەنگەدا لەگەڵماندا بەشدارن، هەموان گەلێك بەخێر هاتن، بێگومان ئەم ئاهەنگە بە بوونی ئێوە گەلێك خۆشتر دەبێت، سوپاسی هاتنی ئێوە دەكەین، هیوادارین ئێوە هەموان كاتێكی خۆشتان ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە هەبێت.

سوپاسێكی گەرمی خەڵكی ئاكرێ دەكەین كە هەموو ساڵێك ئامێزی خۆیان بۆ گەشتیاران دەكەنەوە و بە دڵێكی خۆش گەشتیار سەردانی ئاكرێ دەكەن. سوپاسێكی تایبەتی كچان و كوڕانی ئاكرێ دەكەین كە هەموو ساڵێك ئەم زەحمەتە دەكێشن و دیمەنێكی زۆر جوان نەك بە تەنیا بۆ خەڵكی ئاكرێ، بەڵكوو بۆ كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش نیشانی هەموان دەدەن.

نەورۆز تەنیا ڕۆژێكی نوێی ساڵێكی نوێ نییە، نەورۆز بیرهێنانەوەیە كە ستەم و زوڵم و بێدادی بەردەوام نابێت و ئەو نەتەوە و میللەتانەی داخوازیی ئازادی دەكەن، رۆژێك هەر دەگەنە ئەو ئازادییە. هیوای من ئەوەیە كە ئەم رۆژە ببێتە دەستپێكی ئاشتی و پێكەوەژیان و بەختەوەری بۆ هەموو میللەتانی جیهان، بە تایبەتی بۆ میللەتی ئێمە و خەڵكی ئێمە لەم دەڤەرە.

پیرۆزباییەكی گەرمی نەورۆز لە خەڵكی كوردستان و عێراق و هەموو ئەو گەل و نەتەوانەی جیهان دەكەم كە ئەم بۆنەیە پیرۆز رادەگرن و یادی نەورۆز دەكەنەوە.

لە ئێوە هەمووان پیرۆز بێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز، کونسوڵی گشتیی، دیپلۆمات و نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتان لە عێراق و هەرێم و بەشداریی هەزاران هاونیشتمانی و گەشتیار، کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، لە پایتەختی نەورۆز لە قەزای ئاکرێ بەڕێوە چوو.

لەلای گەلی کورد نەورۆز سیمبوڵی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرداریی و سەرکەوتنە. هەموو ساڵێک، لە 20ـی ئاداردا بە کردنەوەی ئاگر و پۆشینی جلوبەگی کوردی، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز  ساز دەکرێت و چەندان چالاکیشی تێدا بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش، لە ئاکرێ لە ڕێوڕه‌سمێكی گەورەی فەرمییدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و چەندان چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.