سیسی هەڕەشە لە تورکیا دەکات

هۆشداریی دەدات

K24- هەولێر:

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر رایگەیاند، میسر درووستبوونی مەترسی بۆ سەر لیبیا و ڵاتەکەی قبووڵ ناکات، ئەمەش دوای ئەوەی فەرماندەیەکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی خەلیفە حەفتەر داوای لە میسر کرد دەستێوەردان بکات.

ئەو فەرماندەیە بە سیسی گووتووە، دەبێت دەستێوردان بکات تاوەکو “تیرۆر و داگیرکاریی تورکیا” لە لیبیا رابگیرێت.

هەروەها، پەرلەمانی سەر بە حەفتەر و ئەو ناوچەیەی کۆنتڕۆڵیکردووە، داوای لە میسر کرد دژی تورکیا دەستێوەردان بکات.

ئەم دەنگانەش کاتێک بەرزبوونەوە، حکومەتی لیبیا بە هاوکاری تورکیا سوپای نیشتمانی لیبیایان لە ناوچەیەکی تەرابلوسی پایتەخت دوورخستەوە.

سیسی لەبارەی ئەو رووداوانە رایگەیاند، ئێمە پێشتر هێڵە سوورەکانمان راگەیاند و داوای ئاشتیش دەکەین، بەڵام دروستکردنی بنکەی سەربازیی و دروستکردنی هەڕەشە بۆ ئاسایشی میسر قبووڵ ناکەین.

راشیگەیاند، میسر دەتوانێت لەماوەیەکی زۆر کەم دۆخی سەربازیی لیبیا بگۆڕێت ئەگەر بیەوێت.

فەرماندە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیایە و دژی حکومەتی لیبیا لە جەنگدایە، ئەو لە لایەن رووسیا، ئیمارات و میسر پشتیوانی دەکرێت، هەرچی بەشەکەی دیکەی لیبیایە کە حکومەت لیبیا بەڕێوەی دەبات، لە لایەن تورکیاوە پشتیوانیی دەکرێت.

Reuters