مەزڵووم عەبدی: هەموو پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا پێگەی خۆیان مسۆگەر دەکەن

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی کورد دەکات و دەڵێت: هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەستکەوتەکانیان دەپارێزن و پێگەی خۆیان لە سووریای نوێدا مسۆگەر دەکەن.
پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی کورد دەکەم، هەروەها هەموو پێکهاتەکانی سوورریا؛ کورد، عەرەب، سریانی، تورکمان، ئاشووری، ئەرمەنی، دەستکەوتەکانیان لە سووریای نوێ دەپارێزن.
گوتیشی: هەموو پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا پێگەی خۆیان مسۆگەر دەکەن.
لەلای گەلی کورد نەورۆز سیمبوڵی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرداریی و سەرکەوتنە. هەموو ساڵێک، لە 20ـی ئاداردا بە کردنەوەی ئاگر و پۆشینی جلوبەگی کوردی، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز ساز دەکرێت و چەندان چالاکیشی تێدا بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش، لە ئاکرێ لە ڕێوڕهسمێكی گەورەی فەرمییدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و چەندان چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.