كونسوڵی ئهمەریكا: به ڕووحیهتی نهورۆزهوه پابهندین به بنیاتنانی ئاییندهیهكی باشتر

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد کرد و گوتی: به ڕووحیهتی نهورۆزهوه پابهندین به بنیاتنانی ئاییندهیهكی باشتر.
پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد کرد.
لە پەیامەکەدا هاتووە، زۆر خۆشحاڵم کە لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز لە هەرێمی کوردستانم، کە ئاماژەیە بۆ هاتنی بەهار و ئاهەنگگێڕان و ڕۆژێکی نوێ.
گوتیشی: بە ڕووحیەتی ئەم بۆنە پڕشادییەوە دڵسۆزیمان بۆ بنیاتنانی ئاییندەیەکی باشتر دووپات دەکەینەوە.
جەژنی نەورۆز یان دەستپێکی ساڵی نوێ لەناو دەیان وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەندیدا بەڕێوە دەچێت و هەریەک لەو وڵات و گەلانە بە جۆرێک گوزارشت لەو جەژنە، یان دەستپێکی ساڵی نوێ دەکەن.
لەلای گەلی کورد نەورۆز سیمبوڵی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرداریی و سەرکەوتنە. هەموو ساڵێک، لە 20ـی ئاداردا بە کردنەوەی ئاگر و پۆشینی جلوبەگی کوردی، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز ساز دەکرێت و چەندان چالاکیشی تێدا بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش، لە ئاکرێ لە ڕێوڕهسمێكی گەورەی فەرمییدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و چەندان چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.