بەشێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی ڕێگەیان نەدا کورد له‌ خانەقین ئاگری نەورۆز بكاته‌وه‌

کوردانی خانەقین ئاگری نەورۆزیان كرده‌وه‌ و بەشێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی ڕێگریان لێ کردن و ڕێگەیان نەدا بەتەواوی ئاهەنگی نەورۆز لەو شارە بگێڕن.

پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، حوسێن خەلیل، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بە هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: لە کاتی ئاگر کردنەوە و گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیب و نەورۆز، بەشێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە ناوی یادی ئیمامی علی هاتن و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگری نەورۆزیان دا و سروودی ئایینی خۆیان دەگوتەوە.

حوسێن خەلیل هاوكات گوتی: کەژاوەی خۆیان هێنایە ناو ئاهەنگی کوردان و تێکیان دا، هەر بەم هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، ڕێگریان لە ئاهەنگەکە کرد و هێزە ئەمنییەکانیش پشتیوانییان کردن. 

گوتیشی، ڕێگری و ئاڵۆزییەکان، نەبووە هۆی ساردبوونەوەی هەستیی کوردانەیان و بەیەکەوە سروودی ئەی ڕەقیب و نەورۆزیان گوتەوە.

 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment