باڵیۆزی نەمسا: پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر باشە

باڵیۆزی نەمسا لە عێراق ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر باشە و هیوای باشترین بۆ گەلی کورد دەخوازێت.

پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ، ئاندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر باشە و بەشداریکردنیان لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ دەرخەری بوونی کەشێکی دۆستانەیە.

باڵیۆزی نەمسا، ئاماژەی بەوەشدا، خۆشحاڵە بەشداری لە ئاهەنگەکە کردووە و هیوای سەرکەوتن بۆ گەلی کورد دەخوازێت.

ئاندریا ناسی، باسی لەوەشکرد، وەک باڵیۆزی نەمسا شەرەفمەندم و خۆشحاڵم بەشداری لەو بۆنەیە دەکەم و لەم ئاهەنگگێڕانە، هەستدەکەم لە ماڵەکەی خۆمدام و لەنێو دۆستەکانمم.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز، لە ئاکرێ ئاهەنگێکی تایبەت بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی و دیپلۆماتکاران ئامادەبوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment