والتز: حەماس لەبری ئازادکردنی بارمتەکان شەڕی هەڵبژارد

مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ نوێکردنەوەی هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەربڕی.
مایکل والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەگەر حەماس هەموو بارمتە ماوەکانی ئازاد بکردایە، دەکرا ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە"، جەختیشی کردەوە "ئیسرائیل هەموو مافێکی هەیە بەرگریی لە گەلەکەی بکات لە دژی حەماس".
والتز گوتی: حەماس لەبری ئازادکردنی بارمتەکان شەڕی هەڵبژارد.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ئیدارەی ترەمپ خێرا بوو لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل بۆ بەردەوامبوون لە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانییەکان، ئێوارەی دووشەممە، پشتگیریی لە بڕیاری دەست پێکردنەوەی شەڕەکان کرد، دوای ئەوەی حەماس پێشنیاری ئەمەریکای بۆ درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە ڕەتکردەوە.
ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، هەڵمەتە سەربازییەکانی دژی کەرتی غەززە دەست پێکردەوە و کۆتایی بە ئاگربەست هێنا کە نزیکەی دوو مانگ بەردەوام بوو و لە مانگی یەکی ساڵی 2025 بە نێوەندگیری میسر و قەتەر و ئەمەریکا دەستی پێکرد، هەروەها ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی چڕ و بۆمبارانکردنی چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززەی دەست پێکرد.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، بۆمبارانکردنەکەی ئیسرائیل کوژراو و برینداری زیاتر لە هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی ئەو هێرشە ئیدانە دەکەن، کە ئاگربەستی کەرتی غەززە پێشێل کردووە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "هێزەکانیان هەڵمەتێکی زەمینییان لە باکووری کەرتی غەززە دەست پێکردووە، لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری ناوچەی غەززە بەردەوام بوون.