لە ئاهەنگی نەورۆزدا نۆ حاڵەتی سووتان و برینداربوون تۆمارکراون

لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ چەند حاڵەتێکی سووتان و برینداربوون ڕوویاندا و تەندروستی ئاکرێش دەلێت: دۆخی تەندروستییان جێگیربوو و هیچ حاڵەتێکی مەترسی نەبوو.
هەینی، 21ـی ئاداری 2025، نێچیروان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە دەستپێکی ئاهەنگی نەورۆزدا چەند حاڵەتێک نۆ حاڵەتی جۆراو و جۆر ڕوویانداوە و سووتان و بەربوونە و لەخۆچوونی تێدا بوو.
گوتەبێژی تەندروستی ئاکرێ، گوتیشی: چوار حاڵەتی سووتانی سووک و دوو حاڵەتی لە خۆچوون بەهۆی دەنگی یارییە ئاگرینەکان و سێ کەسیش بەهۆی بەربوونە برینداربوونە.
بۆ پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاووڵاتییان بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئاکرێ دوێنی پێنجشەممە ژمارەیەک تیمی گەڕۆک و جێگیری ئامادەکردبوو، لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا.
تیمەکان بەمشێوەیە جێگیرکرابوون، پێنج تیمی جێگیری پزیشکی لە شوێنی مانەوەی گەشتیاران و پێنج تیمی گەڕۆکیش لە شوێنی گەشتیاران.
دوێنی پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز، لە ئاکرێ ئاهەنگێکی تایبەت بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی و دیپلۆماتکاران ئامادەبوون.