ئاهەنگی نەورۆز لە زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن دی سی بەڕێوەچوو

کوردانی دیاسپۆڕا بێ بەش نەبوون لە کردنەوەی ئاهەنگی نەورۆز و لە زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن دی سی ڕێورەسمی نەورۆز بەڕێوەچوو.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، ڕێوڕەسمی ئاهەنگی نەتەوەیی نەورۆزە لە زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن دی سی، بەڕێوەچوو و کوردانی دیاسپۆڕا بە جلوبەرگی ئاڵا و واڵا ئەو بۆنەیان کردەوە.
هاوژین عەبدورەحمان، هاووڵاتیی کوردی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گرنگی بەم بۆنەیە دەدەین، بۆ ئەوەی بە منداڵەکانمان بناسێنین، چونکە تەنیا پەیوەندیی بە ئاگر هەڵکردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو مێژووی نەتەوەیەکە.
لە ڕێورەسمەکەدا ژمارەیەکی قوتابی و هاووڵاتیانی ئەمەریکا ئامادەی ڕێورەسمەکە بوون و نەورۆز و مێژوو و کەڵتووری کوردی سەرنجی ئەوانی ڕاکێشا.
زنایدە رۆب، هاووڵاتیی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نەورۆز وەک بۆنەیەکی جوان دەبینم، کە تایبەتە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ساڵی نوێ و کاتێک بینم لە ناوچە شاخاوییەکان یادی نەورۆز دەکرێتەوە و هەڵپەڕکێ و ڕەنگەکان سەرنجی ڕاکێشام.
دوێنێ ئێوارە لە زۆربەی ناوچە و دەڤەرە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئاهەنگی نەورۆز کرایەوە و کوردانی دیاسپۆراش ساڵانە بە کۆمەڵ ئەو یادە بەرز ڕادەگرن.