ئەردۆغان: 21ـی ئادار دەکەینە ڕۆژی برایەتی

سەرۆک کۆماری تورکیا، هیوای خواست نەورۆز ببێتە هۆی ئاشتی و ئارامی بۆ وڵات. هاوکات لەبارەی خۆپێشاندانەکانی تورکیاوە جەختی لەوە کردەوە، ملکەچی تیرۆری سەر شەقام نابن.

هەینی 21ـی ئاداری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، 21ـی ئادار دەکەینە ڕۆژی برایەتی، هەموومان پێکەوە ئەو هەنگاوە دەنێن و کاری لەسەر دەکەین، هەروەها ئەوانەی بڕوایان بە نەورۆز هەیە هەرگیز ناڕوخێن.

سەرۆک کۆماری تورکیا، دەڵێت: ئێمە لەسەر پێی خۆمان دەوەستین و هەرگیز کۆڵ نادەین، ئەو پەیامەی کە لە نەورۆزدا هەیە پێویستە بەرەو پێشی ببەین. گوتیشی: هیوادارین نەورۆز ببێتە هۆی ئاشتی و ئارامی بۆ وڵات.

لەبارەی غەززەوە، ئەردۆغان، باسی لەوە کرد، یارمەتییەکانمان بۆ کەرتی غەززە زیاد دەکەین و داوای ئاگربەستی هەمیشەیی دەکەین بۆیان.

ئەردۆغان باسی لە خۆپێشاندانەکانی تورکیا کرد و دووپاتی کردەوە، "تورکیا ملکەچی تیرۆری سەر شەقام نابێت".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هەندێک دەیانەوێت لە شەقامەکان فیتنە بنێننەوە، هەروەها ڕێگە بە مافیاگەری لە شارەوانیی ئیستانبوڵ نادەین.