سەرۆکی جەهەپە داوای خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەکات

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا، داوای لە هاووڵاتییان کرد، ئێواری ئەمڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تورکیا دژی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندان بکەن.
هەینی 21ـی ئاداری 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا "جەهەپە"، لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوای لە هاووڵاتییانی تورکیا کرد، دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، لە گەشت شار و شارۆچکەکان ئێوارەی ئەمڕۆ بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندان بکەن.
بە پێی ئاژانسی فرانس پرێس، ئێستا لانیکەم 10 هەزار هاووڵاتی ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان کرد و بەرەو بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی ئیستانبوڵ بەڕێکەوتن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنی هاووڵاتییان لە هەردوو پارێزگای ئەنقەرە و ئیستانبوڵ ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانی بەرفراوانیان کرد، بەڵام هێزەکانی پۆلیسی تورکیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ، بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد.
چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنیی تورکیا هەڵیکوتایه سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد.
دەستگیرکردنیشی کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، هاووڵاتییان بۆ پشتگیریکردن لە ئیمامئۆغڵو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان کرد.
پێنجشهممه، 20ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو له تۆڕی (ئێكس) داوای له هاووڵاتییانی توركیا كرد، بێدهنگ نهبن و له دژی ئهو "شهڕ"ـهی له توركیا ههیه، دهنگ ههڵبڕن. گوتووشیهتی، پرسی دهستگیركردنهكهی پرسێكی به تهنیا پارتهكهی نییه، بهڵكوو پهیوهندیی به ههموو نهتهوهی توركیاوه ههیه.