بەڕێوەبەری فڕۆکەوانیی هەولێر وەڵامی 'دژەتیرۆری کوردستان-سلێمانی' دەداتەوە

بەرێوەبەری فڕۆکەوانیی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرێکی سلێمانی بە ژمارەی (209) لە شاخی پیرەمەگروون دەکەوێتە خوارەوە، دواتر دژەتیرۆری سلێمانی ڕزگاریان کرد، بەڵام نازاندرێت کە بۆچی دژەتیرۆری سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێلێکۆپتەرە کەوتووەکە هی پارێزگای هەولێرە.

هەینی 21ـی ئاداری 2025، ئەحەد دۆڵەمەری، بەرێوەبەری فڕۆکەوانیی پارێزگای هەولێر، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرێکی بەشی فڕۆکەوانیی سلێمانی/ وەزارەتی ناوخۆ  بە ژمارەی (209) لە شاخی پیرەمەگروون تووشی کێشەی میکانیکی دەبێت و دەکەوێە خوارەوە، بەڵام دواتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی بە بەکارهێنانی هەلێکۆپتەری جۆری (H2 25 super puma) ڕزگار کرا.

بەرێوەبەری فڕۆکەوانیی پارێزگای هەولێر، دەڵێت: بەڵام تا ئێستا نازانرێت کە بۆچی پەیجی دژەتیرۆری سلێمانی، ئاماژە بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری پارێزگای هەولێر لەسەر شاخی پیرەمەگروون دەکات، کە لە ڕاستیدا هێلیکۆپتەری (209) سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە کەوتووەتە خوارەوە.