ده‌م پارتی: ده‌سه‌ڵات باس له ئاشتی ده‌كات و کەچی قه‌ییووم داده‌نێت

هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی له ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی دیاربه‌كر ڕایگه‌یاند، ناكرێت ده‌سه‌ڵاتی توركیا له‌لایه‌ك باس له پرۆسه‌ی ئاشتی بکات و له‌لایه‌كی دیكه‌ش قه‌ییووم دابنێت.
هەینی 21ـی ئاداری 2025، تونجه‌ر باكرهان، هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە ئاهەنگی نەورۆز لە دیاربەکر، گوتی: لە دوایین 100 ساڵادا هێڵێک خرایە نێوان برایەتی کورد و تورک، ئیتر کاتی وەلانانی ئەم هێڵە هاتووە.
ئاماژەی بەوە دا، بانگەوازی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و دیموکراسی بوو، دواکاری کورد ئەوەیە، کە ئاشتی، دیموکراتی و یەکسانی دەوێت، بە ڕوحییەتی نەورۆز هەنگاو دەنێین و کۆتایی ڕێگەکەمان ئاشتییە.
گوتیشی: بەداخەوە دەبینین پێچەوانەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە تورکیا هەنگاو دەنرێت، داوا لە دەسەڵات دەکەین دەستبەرداری ئەم هەڵەیە بێت، ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بە جیاکردنەوەی مرۆڤەکان بەدی نایەت.
هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی، جەختی لەوەش کردەوە، ناتوانین بە دەستبەسەرکردنی سەرۆکی گەورەی شارەوانیی ئیستانبوڵ و تاوانبارکردنی کۆدەنگی شار و دانانی قەیووم و هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا کۆمەڵگەیەکی ئارام و دیموکراسی دروست بکەین.
باسی لەوەش کرد، ناكرێت ده‌سه‌ڵاتی توركیا له‌لایه‌ك باس له پرۆسه‌ی ئاشتی بکات و له‌لایه‌كی دیكه‌ش قه‌ییووم دابنێت.