ستیڤ ویتکۆڤ: پەیامی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ تاران بە مەبەستی هەڕەشە نەبووە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دروستکردنی متمانە لەگەڵ ئێران، خۆیان لە ململانێی چەکداری لەگەڵ ئەو وڵاتە بەدوور بگرن.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، ستیڤ ویتکۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە "پەیامی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ تاران بە مەبەستی هەڕەشە نەبووە."
گرژییەکانی نێوان ڕکابەرە سەرەکییەکانی ئەمەریکا و ئێران، دوای نوێبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و گەڕانەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر کەشتیوانیی لە دەریای سوور، لە لایەن حوسییەکانی سەر بە تاران، پەرەی سەندووە.
7ـی ئادار، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە و داوای لێ کردووە دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەست پێ بکەنەوە و هۆشداریشی داوە لە ئەگەری کردەوەی سەربازی. لەبەرانبەردا، خامنەیی وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند "ئەمەریکییەکان بە هەڕەشەکردن لە ئێران،هەرگیز ناگەنە هیچ ئەنجامێک."
ویتکۆف بۆ بەرگریی لە هەوڵەکانی ترەمپ لەسەر پەیوەندی لەگەڵ تاران، ڕوونی کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا بەهرەمەندە لە باڵادەستیی سەربازی، بۆیە سروشتییە ئێرانییەکان بەدوای چارەی دیپلۆماسیدا بگەڕێن.
ویتکۆف دەڵێت: پەیامەکە بە وردی ئەوەیە، من سەرۆکی ئاشتیم. ئەمە ئەوەیە کە من دەمەوێت، مەرج نییە لە ڕووی سەربازییەوە ئەمە بکەین، دەبێت قسە بکەین.
نوێنەرەکەی دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد "پێویستە بەرنامەیەکی بەدواداچوون دابنێین، بۆ ئەوەی کەس خەمی ئەوەی نەبێت کە ماددە ئەتۆمییەکانتان بگۆڕن بۆ چەک، چونکە ئەوە جێگرەوەیەکی زۆر باش نییە."