پەرلەمانی عێراق دەربارەی خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی کۆ دەبێتەوە

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و یاسای حەشدی شەعبیش لەنێو ئەجێندای کارەکانیدایە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکاتەوە و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پرۆژە یاسایەک دەکات، دەنگ لەسەر پرۆژە یاساییەکی دیکەش دەدات، یەکێک لەو پرۆژە یاسایانەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، پرۆژەی خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبیە کە لە 18 ماددە پێک هاتووە و لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی هێزە شیعەکانەوە لەسەری، کارەکانی پەرلەمان پەکی کەوتبوو.
یاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی، کێشەی لەنێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دروست کردووە، هەندێکیان لەگەڵ ئەوەن بەزوویی تێپەڕێنرێت، هەندێکی دیکەشیان تێبینیان لەسەری هەیە چونکە بەگوێرەی پرۆژەکە، چوار هەزار ئەفسەر و فەرماندەی حەشد خانەنشین دەبن.