مرۆڤایەتی و گۆی زەوی لە مەترسیدان

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 22ـی ئاداری هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانیی ئاو دیاری کردووە، تێیدا هۆشداریی لە توانەوەی خێرای بەستەڵەک و ڕووبارە بەستووەکان دەدات پێشتر ڕووی نەداوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، پلەکانی گەرمای گۆی زەوی بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا بەرز دەبنەوە، لە ئەنجامدا بەستەڵەکەکان دەتوێنەوە و ڕێگریی لە توانەوەیان ئەستەم بووە.
ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن، لە بەردەوامیی توانەوەی بەستەڵەکەکان، مەترسیی دروستبوونی لافاو و وشکەساڵی و داڕمانی زەوی هەیە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان هەیە کە کاریگەری لەسەر چەندین ملیار مرۆڤ دەکات.
نەتەوە یەگرتووەکان دەڵێت: هۆی زۆر بۆ دروستبوونی ئەو مەترسییانە لەسەر گۆی زەویمان هەن، لەگەڵ ئەوەی هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و خۆگونجان دەکەین، بەڵام پاراستنی بەستەڵەکەکان لە کارە هەرە لەپێشەکانمان دەبێت. دەشڵێت: پێویستە ڕێگریی لە دەردانی گازی دووانەئۆکیسدی کاربۆن بکەین بۆ ڕێگریی لە توانەوەی بەستەڵەکەکان.
لەلایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە بەشێوەیەکی هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ بەستەڵەکەکان بکەن، دەڵێت: بەو شێوەیە دەتوانین بەرگریی لە مانەوەی مرۆڤایەتی لەسەر گۆی زەوی بکەین.