ماکرۆن: پێویستە ئەورووپا پێگەی خۆی لە ناتۆ بەهێزتر بکات

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، لووتکەیەک لە پاریس بۆ هاوکاریی ئۆکرانیا بەڕێوە دەچێت. دەشڵێت: پێویستە ئەورووپا پێگەی خۆی لە ناتۆ بەهێزتر بکات.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "پێنج شەممەی داهاتوو، 27-03-2025، بە ئامادەبوونی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لووتکەی هاوپەیمانیی ویستەکان لە پاریس بۆ هاوکاریی ئۆکرانیا بەڕێوە دەچێت."
سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەش کرد "کارەکانمان بۆ دابینکردنی هاوکاریی کورتمەودا بۆ ئۆکرانیا کۆتایی هاتووە. ئەمەش لەپێناو بەرگریی ئۆکرانیا لەخۆی و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکانی ڕووسیا، هەروەها دەستەبەری ئاسایشی ئەورووپا."
ماکرۆن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیشی کردەوە "پایەی ئەورووپا لە ناتۆ بەهێزتر دەبێت، ئێمە کار بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی زیاتر دەکەین. پێویستە لە بنیاتنانی تواناکانمان، زیاتر سەربەخۆ بین."