سوپای ئیسرائیل کوژرانی بەرپرسی هەواڵگریی حەماس لەباشووری غەززە ڕاگەیاند

سوپای ئیسرائیل کوژرانی ئوسامە تەباش، بەرپرسی هەواڵگریی سەربازیی حەماس لە باشووری غەززەی ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی داوە "دوێنێ، هەینی21ـی ئادار، لە هەڵمەتێکی هەواڵگریدا، بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) کردووە و لە ئەنجامدا ئوسامە تەباش، بەرپرسی هەواڵگریی سەربازیی حەماسیان لە باشووری غەززە و یەکەی چاودێری و بەئامانجکردن کوشتووە."
لە ڕاگەیەنەدراوەکەدا هاتووە، تەباش یەکێک بووە لە سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی حەماس، سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری و پلانی ئۆپەراسیۆنی بووە، هەروەها چەندان پۆستی سەرکردایەتی لە بزووتنەوەی حەماس هەبووە، لەوانەش فەرماندەی کەتیبە لە لیوای خان یونس. ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشداریی زۆرێک لە هێرشەکانی حەماسی دژی ئیسرائیل کردووە.