پێنتاگۆن دەربارەی دزەپێکردنی زانیاریی نهێنی و هەستیار لێکۆڵینەوەی خێرا دەکات

ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئاداری 2025، نووسینگەی پیت هێگسێت 'Pete Hegseth' وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، داوای هاوکاری لە هەواڵگریی سەربازی کردووە، بۆ لێکۆڵینەوە لە دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکانی ناو پنتاگۆن.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "زانیاریی هەستیار کە پەیوەیستە بە ئاسایشی نیشتمانی، لەوانە پەیوەندییە نهێنییەکان، ئاشکرا بوونە، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد هەیە."
نووسینگەی وەزیری بەرگریی، داوای لە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی کردووە، بەپەلە هاوکاریان بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەم دزەپێکردنانە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ڕاپۆرتێکی گشتگیر بۆ وەزیری بەرگری ئامادە دەکرێت، کە وردەکاری تەواو لەسەر ئەم دزەپێکردنانە و چۆنیەتی ڕوودانی تێدایە".
پێشتر، ئیلۆن مەسک، گومانی لە کارمەندانی پێنتاگۆن کردبوو، کە ڕەنگە لە پشت دزەپێکردنی ئەو زانیارییانەو بن کە لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی ئەگەری شەڕێکی نێوان ئەمەریکا و چین، باسکراون.