مەشهەدانی داوا دەکات تائیفه‌گه‌ری له عێراق به‌یه‌كجاریی قەدەغە بکرێت

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا ده‌كات یاسایەک بۆ دژه گوتاری تائیفەگەری دەربکرێت و هۆشداریشی داوه له‌وه‌ی گرژییەکان پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025 دووباره سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه.
له عێراق ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتیی په‌رله‌مان ده‌كرێت. له پاڵ ئه‌و ئاماده‌كارییانه، پارتە سیاسییەکان هاوپەیمانیەکانیان لەژێر ناوی تائیفی و پێكهاته‌كان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه مه‌حموود مەشهەدانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له گوتارێكیدا زه‌نگی مه‌ترسی له‌باره‌ی گوتاری تائیفی له عێراق لێ ده‌دات، گوتار و بیری تائیفەگەری بە نه‌ریتێكی کوێرانە بۆ لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنەکانی دیکە وەسف ده‌كات. هه‌روه‌ها مەترسییەکانیشی بە ململانێکانی ڕابردوو دەچوێنێت کە نزیک بوو شەڕی ناوخۆ لە عێراق ڕو وبدات. داواش ده‌كات له ڕێگه‌ی ده‌ركردنی یاسایه‌كه‌وه تائیفه‌گه‌ری له عێراق به‌یه‌كجاری قەدەغە بکرێت.
بۆ قەدەغەکردنی گوتاری تائیفی له‌نێوان پێكهاته‌كانی وڵات، سه‌رۆكی په‌رله‌مان چه‌ند خاڵێك پێشنیاز ده‌كات، له‌وانه:
هه‌نگاوی یه‌كه‌م: ده‌ركردنی یاسایه‌ك بۆ حه‌رامكردنی تائیفه‌گه‌ری كه دوای ده‌ركردنی له‌لایه‌ن په‌ر‌له‌مانه‌وه، حكوومه‌ت له‌ژێر چاودێری دادوه‌ریدا جێبه‌جێی بكات.
هه‌نگاوی دووه‌م: داوا له كۆمپانیاكانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكرێت گشت ئه‌و په‌یج و سه‌كۆیانه دابخه‌ن كه ڤیدیۆ و تۆماری بیری تایفه‌گه‌ری بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
هەنگاوی سێیەم: دەسەڵاتدارانی ئایینی مەزهەبەکان ڕای یاسایی خۆیان لەسەر قه‌ده‌غه‌كردنی هاندانی تایفەگەری بخەنەڕوو.
هەنگاوی چوارەم: پێویستە سەرکردەی پارته‌كان و سەرۆک فراكسیۆنه‌كانی پەرلەمان کار بۆ پەروەردەکردنی دەنگدەرەکانیان دوور له هاندانی تائیفی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ناچێتە بازنەی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ماف و ئازادییە دیموکراسییەکانەوە، بەڵکوو ڕێگری له كاره‌ساتێك ده‌كات كه ده‌توانێت ڕووبدات.
هه‌نگاوی پێنجه‌م: هه‌ڵگرتنی ئه‌و زوڵم و نادادییه‌ی له‌سه‌ر ڕۆڵه‌كانی گه‌ل له‌ژێر ناوی تائیفه‌گه‌ریدا هه‌یه له‌ژێر ناوی گه‌نده‌ڵی و تیرۆردا.
هه‌نگاوی شه‌شه‌م: گرتنه‌به‌ری هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی به‌به‌شداری گشت عێراقییه‌كان له‌ژێر هاشتاگی (واز لە تائیفەگەری بێنە، بۆگەنە)
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌شڵێت: ئه‌م هه‌نگاوانه ساده‌ن، به‌ڵام به‌ره‌وپێشبردنیان پێویستی به به‌شداریی هه‌مووانه، به‌و ئامانجه‌ی عێراق له مه‌ترسییه‌كانی فیتنه و جیاكاری بپارێزین.