ڤیدیۆسازێکی ڕووس: قوتابخانەکان بوونەتە کارگەی ڕق و کینە

 پێش دەستپێکی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پاڤیل تالانکین، لە قوتابخانەی کاراباش ی ژمارە 1، ڤیدیۆی سەبارەت بە چالاکیی قوتابیان، وەک شانۆگەریی و مۆسیقا و وەرزش،  تۆمار دەکرد. تالانکین لە کارەکەی ڕازیی و خۆشحاڵ بوو. قوتابیانیش بە دیتنی چالاکییەکانیان خۆشحاڵ دەبوون و زیاتر پابەندی خوێندن و فێربوون دەبوون.

تالانکین، کە ئێستە ڕووسیای بەجێ هێشتووە و لە وڵاتێکی ئەورووپایدا بە نهێنی دەژی، بە دەرهێنەری ئەمەریکایی داڤید بۆرنشتاین کە ئاکنجی دانیمارکە، ڕاگەیاند " لە ئاداری ساڵی 2022، نامەیەک بە فاکس، لە وەزارەتی پەروەردەوە گەیشتە قوتابخانەکەمان، دیارە ئەو نامە، بۆ قوتابخانەکانی تریش نێردرابوو؛ نامەکە باسی (سیاسەتی نوێی پەروەردەی نیشتمانی) دەکرد و ڕێنوێنی دیاریکراوی دەربارەی چۆنییەتی قسەکردنی مامۆستایان سەبارەت ڕووسیا و ئۆکرانیای دوژمنی، تێدا بوو. لەوە بەدوا کارەکەی من سەخت و ناخۆش بوو، چونکە بە فەرمانی حکوومەتی ڕووسیا، دەبوو هەموو ئەوانە تۆمار بکەم. بە ئاشکرا نیازی سەرۆک کۆماری ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەرکەوت کە دەیویست مێشکی منداڵەکان بشواتەوە."

 تالانکین ئەوەشی ئاشکرا کردووە، دەبوو منداڵانی قوتابخانەکە گۆرانی و سروود بە باڵای سەربازانی ڕووسدا بڵێن. فێری دژایەتیی ئۆکرانیا و ئۆکرانییەکان دەکران و پێیان دەگوترا "ئەوان دوژمنی ئێمەن."

بێگومان، دەسەڵلاتدارانی ڕووس هەرگیز بیریان لەوە نەدەکردەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو گرتەڤیدیۆییانە بگەنە ئەورووپای ڕۆژاوا. تالانکین، کە دواتر، زۆر بەنهێنی ئەو کارەی کرد، ئەگەر پێیان زانیبایە، لای کەمی پازدە تا بیست ساڵ زیندانی دەکرا. بەڵام ئەم هەستی کرد کە دەبێت جیهان لە ڕاستیی سیاسەتی پوتین ئاگەدار بکرێت و بزانن چ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە قوتابخانەکانی ڕووسیادا، تەنانەت لە شارۆچکەیەکی بچووکی وەک کاراباش، ڕوو دەدەن.

پاڤیل تالانکین، لەکاتی کارکردندا

ساختەکاریی لە پرسیار و وەڵامەکاندا

تالانکین دەڵێت: ئێمە ئەو گرتەڤیدیۆیانەمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە دروشمی (ئێمە دەستبەرداری گەلەکەمان نابین) بڵاو دەکردەوە، بەو هەنگاوە، قوتابخانەکان بوونە کارگەی بەرهەمهێنانی ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی. ئێمە وامان نیشان دەدا کە گەلی ڕووس هەموو لەگەڵ شەڕ و داگیرکردنی ئۆکرانیادان، کە لەڕاستیدا وا نەبوو.

ڕۆژێک، مامۆستاکان کاغەزێکی ساختەیان بەسەر قوتابییەکاندا دابەش کرد، کە تێیدا دەستکاری مێژووی ئۆکرانییەکان کرابوو و دەبوو قوتابییەکان بە گوێرەی وەڵامەکانی ناو ئەو کاغەزە وەڵام بدەنەوە. بەڵام کاتێک من فیلمم لێیان دەگرت، دەبوو ئەوان کاغەزەکە بشارنەوە و وا نیشان بدەن کە خۆیان وەڵام دەدەنەوە!

سەیر لەوەدا بوو مامۆستاکانیش نەیاندەوێرا باسی ئەو ساختەکارییە بکەن.

خراپبوونی ئاستی فێربوونی قوتابیان

تالانکین لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: پاش ماوەیەک، ئاستی فێربوونی قوتابییان زۆر خراپ بوو. سەرەتا کەس نەیدەویست پێ لەو ڕاستییە بنێت، بەڵام دواتر پرسیار کرا "سوودی ئەم سیاسەتە نوێیە چییە؟" لە وەڵامدا گوترا:
کەس بۆی نییە ئەو پرسیارە بکات. ئەوە بڕیاری سەرۆکە و دەبێت هەموومان گوێڕایەڵی بین. دەبێت وا نیشان بدەین هەموومان دڵخۆشین و گۆرانی دەڵێین و پشتیوانیی لە سەرۆک و سیاسەتەکەی دەکەین!
ئەو کاتە منیش بڕیارم دا ڤیدیۆکان بڵاو بکەمەوە و ڕووسیا بەجێ بهێڵم

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment