ڤاتیکان: پاپا توانای قسەکردنی نەماوە

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان

سه‌رۆكی نووسینگه‌ی بیروباوه‌ڕ له‌ ڤاتیكان ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ پاپا فرانسیس خانه‌نشین بێت؛ ده‌شڵێت ته‌ندروستیی ورده‌ ورده‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

شه‌ممه‌، 22ـی ئاداری 2025، ڤیكتۆر مانوێل فێرناندێز، سه‌رۆكی نووسینگه‌ی بیروباوه‌ڕ له‌ ڤاتیكان گوتی، پاپا فرانسیس به‌ شێوه‌ی پله‌به‌ندی ته‌ندروستی باشتر ده‌بێت و تا ئێسته‌ش له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ سبه‌ی به‌شداری له‌ نوێژی "ته‌بشیر" بكات.

ڤیكتۆر مانوێل فێرناندێز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پاپا له‌و ماوه‌یه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌دا بووه‌، فشاری زۆری ئۆكسجینی له‌سه‌ر بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك به‌هۆی زیادبه‌كارهێنانی ئۆكسجینه‌وه‌ توانای ده‌ربڕینی نه‌ماوه‌ و پێویستی به‌ دووباره‌ ڕاهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت قسه‌ بكات.

فێرناندێز ڕه‌تیشی كرده‌وه‌ پاپا فرانسیس خانه‌نشین بێت، به‌ڵكوو له‌ دوای ده‌رچوونی له‌ نه‌خۆشخانه‌ و وه‌رگرتنی چاره‌سی پێویست، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی. 

گوتیشی جارێ دیار نییه‌ ئاخۆ پاپا فرانسیس به‌ر له‌ جه‌ژنی قیامه‌ له‌ 20ـی نیسان نه‌خۆشخانه‌ به‌جێده‌هێڵێت یاخود پێویست ده‌كات بمێنێته‌وه‌.

سێشه‌ممه‌، 18ـی شوباتی 2025، سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌ و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری چڕ هه‌یه‌.

چوارشه‌ممه‌، 19ـی شوباتی 2025، سه‌رچاوه‌كان له‌ ڤاتیكان بڵاویان كرده‌وه‌، پاپا فرانسیس له‌ نه‌خۆشخانه‌یە و باری ته‌ندروستیی ناجێگیره‌ و تووشی هه‌وكردنی سییه‌كان بووه‌، هەرچەند هێشتا به‌بێ ئامێری ده‌ستكرد كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌ناكاو هه‌ناسه‌ی بوه‌ستێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ دڵیشی زۆر به‌ لاوازی لێ ده‌دات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی "بلیك"ـی سویسری ڕایگه‌یاند‌، ئاماده‌كاری بۆ ڕێوڕه‌سمی ناشتنی پاپا فرانسیس ده‌كرێت و به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه‌ له‌و نه‌خۆشییه‌كه‌ی ڕزگاری نابێت.

پاپای ڤاتیکان تەمەنی 88 ساڵە، لە 14ـی شوباتەوە بەهۆی هەوکردنێکی توند لە هەردوو سییەکانی، لە نەخۆشخانەی گێمێلی خەوێنراوە، بەشێک لە میدیاکانی ڤاتیکانیش باس لەوە دەکەن، ئەگەر هەیە پاپا دەست لەکار بکێشێتەوە.