عێراق.. بەشێک لە لایەنەکان داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن
بڕیارە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت

لە کاتێکدا عێراق ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025 ده‌كات، هێزه سیاسییەکان ناكۆكن و پێشنیازی هەموارکردنه‌وه‌ی یاسای هەڵبژاردنەکان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه، دابەشبوونێکی قووڵ سه‌رهه‌ڵبدات و هێزه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ په‌نا بۆ خه‌رجكردنی پاره و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتیان بكه‌ن.
پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌به‌رده‌م ده‌رگەیه‌كی داخراودا خۆی ده‌بینێته‌وه،کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش به‌رده‌وام جەخت له هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە ده‌كاته‌وه، بەڵام چاودێران نیگەرانی خۆیان لەبارەی ساختەکاری و کڕینی دەنگ و فشاری سیاسیی ناشارنه‌وه، ئەمەش گومان دەخاتە سەر شەرعییەتی ئەنجامەکان، به جۆرێك له عێراق پاره و سامان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بووەته نه‌ریتێك و به‌رده‌وامیش دووباره ده‌بێته‌وه.
به‌گوێره‌ی توێژینەوەیەکی سه‌نته‌ری ئه‌لبه‌یان، مه‌زه‌ندە كراوه له‌هه‌ڵبژاردنی 2021ـی په‌رله‌مانی عێراق زیاتر له 250 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی چه‌ك و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن خه‌رج کراوە، هه‌روه‌ها کاندیدەکانیش لە نێوان 50 بۆ 500 دۆلاریان بۆ هەر دەنگێک خه‌رج كردووه، لە ناوچە دووره ده‌سته‌كانیش خۆراک، ئامێری ناوماڵ و کارتی تەلەفۆن دابه‌ش كراون. له زۆر حاڵه‌تیشدا كارتی ده‌نگدان به 100 بۆ 300 دۆلار به مه‌به‌ستی ساخته‌كاری له ده‌نگده‌ران كڕاونه‌ته‌وه.
بە پێی زانیارییه‌كان، لە هه‌ڵبژاردنی 2021 جگه له به‌كارهێنانی مێدیای دەوڵەت بۆ پشتیوانی و پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن، هاوكات وەزارەتی کارەبا نزیكه‌ی 25 هەزار كه‌سی به گرێبەست دامەزراندووه، هه‌روه‌ها 15 هه‌زار پارچە زەویش بەسەر سه‌رۆك عەشیرەت و کەسایەتییە کاریگەرەکاندا دابەش کراون.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ ئەم ساڵ، مشت‌ومڕ لەسەر گۆڕانکارییەكانی سیستەمی دەنگدان هه‌یه، پێشنیاز كراوه 10% یان %20ـی کورسییەکان ڕاستەوخۆ هه‌ڵبژێردرێن، کورسییەکانی دیکە بە سانت لیگۆ بێت. ئامانجی ئەم گۆڕانکارییەش کەمکردنەوەی قازانجی کاندیدە دەوڵەمەندەکان و سیاسییە باڵادەستەکانە. هه‌رچه‌نده ئەستەمە هێزه سیاسییه‌كان بهێڵن ئه‌م پرۆژه‌یه له په‌رله‌مان سه‌ربگرێت، چونكه به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خۆیان لێكی ده‌ده‌نه‌وه.