پارێزگاری ئیستانبوڵ: قەدەغەی خۆپێشاندان تا 27 ئادار درێژ کرایەوە

پارێزگاری ئیستانبوڵ ڕایگەیاند: هاتنە نێو ئیستانبوڵ و دەرچوون لە شارەکە سنووردار کرا، هاوکات قەدەغەی خۆپێشاندانیش تا 27ـی ئادار درێژ کرایەوە.
شەممە 22ـی ئاداری 2025، داود گوڵ، پارێزگاری ئیستانبوڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕیار بوو قەدەغەی خۆپێشاندان سبەینێ کۆتایی پێ بێت، بەڵام لەپێناو پاراستنی ئەمنییەتی شار و دروستنەبوونی پشێوی، قەدەغەی خۆپێشاندان تا 27ـی ئادار درێژ کرایەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هەر لەم چوارچێوەیەدا بەشێک لە وێستگەکانی مێترۆ و ڕێگاکانیش بە شێوەیەکی کاتی داخران، تا ئەوانەی لە دەوروبەری شارەکان یان لە شارەکانی دیکەن، بە مەبەستی بەشداریی لە خۆپێشاندان نەتوانن بێنە ئیستانبوڵ.
22ـی ئاداری 2025، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ ڕەوانەی دادگا دەکرێت و ئیفادەی خۆی دەدات.
چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنیی تورکیا هەڵیکوتایه سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد.
دەستگیرکردنیشی کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، هاووڵاتییان بۆ پشتگیریکردن لە ئیمامئۆغڵو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان کرد.
پێنجشهممه، 20ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو له تۆڕی (ئێكس) داوای له هاووڵاتییانی توركیا كرد، بێدهنگ نهبن و له دژی ئهو "شهڕ"ـهی له توركیا ههیه، دهنگ ههڵبڕن. گوتووشیهتی، پرسی دهستگیركردنهكهی پرسێكی به تهنیا پارتهكهی نییه، بهڵكوو پهیوهندیی به ههموو نهتهوهی توركیاوه ههیه.