نوێنەری ترەمپ: پوتین پیاوێکی خراپ نییە

ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ستایشی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیای کرد و بە کەسێکی متمانەپێکراو ناوی هێنا، گوتی: پوتین پێی وتووە دوعای بۆ ترەمپ هاوتاکەی کردووە کاتێک تەقەی لێ کرا.

ویتکۆڤ، هەفتەی ڕابردوو لە مۆسکۆ، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەگەڵ پوتین کۆ بووەوە و بە میدیاکانی ئەمەریکای ڕاگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا لەخۆدەگرێت، بنیاتنەرن و چارە دەکرێن.

لە چاوپێکەوتنێکدا ویتکۆڤ ڕایگەیاند "چیتر پوتین بە کەسێکی خراپ نازانێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی ڕووسیا سەرکردەیەکی گەورەیە کە هەوڵ دەدات کۆتایی بە ململانێ خوێناوی سێ ساڵەی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بهێنێت."

ویتکۆڤ لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "من سەرسامی پوتینم، پێم وایە لەگەڵمدا  ڕاستگۆیە."

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: من پوتین بە پیاوێکی خراپ نازانم.

هەروەها ویتکۆڤ گوتیشی: لە گفتوگۆکەدا پوتین کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە مانگی تەمموزی 2024 لە میانی گردبوونەوەیەکی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا گێڕایەوە.

باسی لەوەش کرد، پوتین "پێی گوتم کاتێک سەرۆک تەقەی لێ کرا، چووە کڵێسای ناوچەکەی خۆی، لەگەڵ قەشە کۆ بووەوە و دوعای بۆ سەرۆک کرد."

دەشڵێت: نەک لەبەر ئەوەی دەیتوانی ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوڕێی بووە و دوعای بۆ هاوڕێکەی کردووە.

ویتکۆڤ، ئەوەشی خستە ڕوو کە پوتین داوای لە هونەرمەندێکی دیاری ڕووسی کردووە وێنەیەکی جوانی سەرۆک ترەمپ بکێشێت، و داوای لە ویتکۆڤ کردووە وێنەکە ببات بۆ ترەمپ.

ستایشی ویتکۆڤ بۆ پوتین، کە ئەمەریکا لە مێژە وەک نەیارێکی تاکڕەو سەیری دەکات، تیشک دەخاتە سەر گۆڕانە دراماتیکییەکانی ڕێبازی واشنتن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کرێملین لەو کاتەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەم دەست بەکاربووە.

هەروەها ویتکۆڤ ڕایگەیاندووە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی قورس دەبێتەوە و دەبێت بزانێت کە کاتی ئەوە هاتووە ڕێککەوتنێک لەگەڵ مۆسکۆ بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، زێلێنسکی لە دۆخێکی زۆر زۆر سەختدایە، ڕووبەڕووی دەوڵەتی ئەتۆمی دەبێتەوە. دەشڵێت:  ئێستا کاتێکی تەواو و گونجاوە بۆ ئەوەی ڕێکبکەوێت.