شەوی ڕابردوو زیاتر لە 320 خۆپیشاندەر لە ئیستانبوڵ دەستگیرکراون

وەزیری ناوخۆی تورکیا: ڕێگە بە تێکدان و زیانگەیاندن بە دامەزراوە گشتییەکانی نادەین

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی زیاتر لە 320 خۆپیشاندەری لە ئیستانبوڵ ڕاگەیاند و دەڵێت: ڕێگە بە هیچ هەوڵێک تێکدەرانە و زیانگەیاندن دامەزراوە گشتییەکانی نادەین.

عەلی یەرلیکلایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوودا لەسەر دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ 323 خۆپیشاندەریان دەستگیر کردووە.

دەشڵێت: شەوی ڕابردوو ئەفسەرێکی پۆلیس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕفێندراوە. ئەوانەی دێنە شەقام و خۆپیشاندان دەکەن، دەبێت بزانن چ بەرپرسیارێتییەکانی دەکەوێتە ئەستۆ، ئێمە هەرگیز ڕێگە بە تێکدان و گێرەشێوێنی ئەو کەسانە نادەین کە هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی وڵات دەکەن.

عەلی یەرلیکلایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، جەختی کردووەتەوە لەوەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە زامنی ئارامی و سەقامگیریی تورکیان و بۆ ئەم مەبەستە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

هەروەها شەوی هەینی 21ی ئاداری 2025، هەر لە چوارچێوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ، زیاتر لە 340 کەس دەستگیر کران.

لەلایەکی دیکەوە بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئاداری 2025، کۆتایی بە بڕیاری قەدەغەی خۆپیشاندان بهێنرێت، بەڵام شەوی ڕابردوو، داود گوڵ، پارێزگاری ئیستانبوڵ ڕایگەیاند "لە پێناو پاراستنی ئەمنییەتی شار و دروستنەبوونی پشێویی زیاتر، بڕیاریان داوە قەدەغەی خۆپێشاندان تاوەکوو 27ـی ئادار درێژ بکرێتەوە."

بەرەبەیانی چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە بەشداریی زیاتر لە سێ هەزار پۆلیس لە ئیستانبوڵ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی ئەمنی کرد و 105 بەرپرس، بازرگان و کەسایەتیی دەستگیر کرد، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ بە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر و گەندەڵی، یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان و شەوی ڕابردووش ڕووبەڕووی دادگا کرایەوە، بەڵام هێشتا بڕیاری دادگا بڵاو نەکراوە.