ئۆنروا: لەسەرەتای ئەم مانگەوە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەگەیەشتووەتە کەرتی غەززە

بەرپرسێکی ئاژانسی ئۆنروا ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەچووەتە ناو کەرتی غەززە.
سام ڕۆز، بەرپرس لە ئاژانسی 'ئۆنروا' لە غەززە ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەچووەتە ناو کەرتی غەززە، ئەمەش درێژترین ماوەیە لە دوای ئۆکتۆبەری 2023ەوە.
ڕۆز، گوتیشی: دوای پێشێلکردنی ئاگربەست، بۆردومانێکی سەخت دەکرێتە سەر کەرتی غەززە، سەدان کەس کوژراون و بریندار بوونە. وەزارەتی تەندروستی غەززەش ڕایگەیاند، نزیکەی 600 کەس کوژراون کە زیاتر لە 200 یان ئافرەت و منداڵن.
ئاماژەی بەوەش کرد "خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوونە و ناچار دەکرێن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن."
ئەو بەرپرسەی ئاژانسەکە ئاشکرای کرد، بۆردومانەکە خزمەتگوزارییەکانی پەک خستووە. جەختیشی کردەوە گەیشتن بە ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکاری و نەخۆشخانەکان بۆ خەڵک قورس بووە.
ئیسرائیل، لە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە،18ـی ئادار، پاشەکشەی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان کرد کە 58 ڕۆژ بوو بەردەوام بوو، هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە. دواتر، تەلئەڤیڤ دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، تا ئێوارەی پێنجشەممە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل، 591 کەس کوژراوە و 1042 کەسی بریندار بووە، کە 70%یان منداڵ و ئافرەت و بەساڵاچووانن.